دوای 12 ساڵ لە مانەوەی وەک ناوچەیەکی داخراو بە ڕووی دەوڵەتدا، نهێنییە مەترسیدارەکانی ناو تونێل و ژێرزەوییەکانی جورف سەخر ئاشکرا دەبن؛ لە کێڵگەی بەرهەمهێنانی بیتکۆین بە گازوایلی دزراوی عێراق، زیندانی نهێنی و ئامێری سیخوڕییەوە، تا دەگاتە 6 پێگەی پاڵاوتنی نەوت لە ناو دامەزراوە کیمیایی و بایۆلۆجییەکانی سەردەمی سەددام حوسێن و کۆگاکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
ئەمڕۆ لێدوانەکانی جابر ڕەجەبی، ڕاوێژکاری پێشووی سیاسەتی دەرەوە لە نووسینگەی مەحموود ئەحمەدی نەژاد و ڕێکخەری پێشووی لایەنە چەکدارەکان لە فەیلەقی قودس، بۆ کەناڵی سکای نیوز عەرەبی و بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەکان، پەردەیان لەسەر وردەکاریی نوێی ناو تونێلەکانی جورف سەخر لا دا.
ئهو بهرپرسهی پێشووی ئێران شارەدێیەکەی بە 'پایتەختی دەوڵەتی قووڵی ئێران و عێراق' ناو برد و گوتی: "لە ناو تونێلە نهێنییەکانی ژێر زەویدا ناوەندی گەورەی بەرهەمهێنانی دراوی دیجیتاڵیی بیتکۆین شاردراونەتەوە، کە لە ڕێگەی بزوێنەری گەورەی کارەبا و بە گازوایلی دزراوی عێراق کارەبایان بۆ دابین دەکرێت."
ناوبراو ڕوونی كردهوه، كه ڕۆژانە نزیکەی 100,000 بەرمیل نەوت لەو ناوچەیەوە بە قاچاخ دەبرێت و داهاتەکەی بۆ پاڵپشتی دارایی لایەنەکانی سەر بە ئێران و بەتایبەت حووسییەکانی یەمەن تەرخان دەکرێت، سەرەڕای تاڵانکردنی نزیکەی 1,000,000 تۆن ئاسنی کۆن بە بەهای میلیاران دۆلار.
لەگەڵ ئەو تۆمەتە گەورانهشدا، لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی عێراق تا ئێستا تەنیا دزینی نەوتیان لە ڕێگەی کونکردنی بۆڕییەکان و کارکردنی پاڵاوگەی سەرەتایی لە جورف سەخر پشتڕاست کردووەتەوە.
تاکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی فەرمی بە دۆزینەوەی ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی بیتکۆین نەکراوە و هیچ وێنەیەکی سەربەخۆ و پشتڕاستکراوەی ناوەوەی تونێلەکانیش بڵاو نەکراونەتەوە، لە کاتێکدا لیژنە دادوەری و ئاسایشییەکان لە بەدواداچوونەکانیان بەردەوامن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئەلمەدا، تۆڕی بەقاچاخبردن و کارە نهێنییەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە جورف سەخر پشت بە 6 پێگە دەبەستێت کە ژمارەیەکیان دامەزراوە سەربازییە کۆنەکانی سەردەمی دەسەڵاتی پێشوون و بە تونێل و سەنگەرسازی دەورە دراون.
لە دیارترین ئەو شوێنانە، 'دامەزراوە کیمیایییەکانی سەددام' و 'دامەزراوەی حەکەم'ن کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ بەرهەمهێنانی چەکی بایۆلۆجی دروست کرابوو، هەروەها 'پڕۆژەی 190' کە پێشتر بە دامەزراوەی سەربازیی ئیبن ئەسیر ناسرابوو، جگە لە وێستگەی سووتەمەنی باج لەسەر ڕێگەی بیابان بەرەو پردی فازڵییە و ناوچەی باجی باکوور لەسەر ڕێڕەوی بۆڕیی نەوتی بەهبەهان.
ئەم زانیارییانە هاوتەریبن لەگەڵ ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی تەکنیکی 19 لاپەڕەیی (کە لە 9ی تشرینی دووەمدا دزەی پێ کرا)، تێیدا لە ڕێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە چاودێریی پێنج ساڵی (2021 بۆ 2026) چوار پێگەی نەوتی لەو ناوچەیەدا کراوە.
ڕاپۆرتەکە تۆماری هاتوچۆی نەوتهەڵگرە 36,000 لیترییەکانی کردووە، کە لە یەک شوێندا لە 30ی تشرینی یەکەمی 2022 گەیشتووەتە 21 نەوتهەڵگر لە ڕۆژێکدا و تا تەممووزی 2026 بەردەوام بووە؛ هەروەها چاڵی ژێرزەوی بۆ کۆگاکردنی نەوت و داپۆشینی باخی دارخورما بە پەیکەری ئاسنی سپی لەنێوان 2024 و 2026دا دەرکەوتوون، کە بارکردن تێیاندا بە شەو چڕ بووەتەوە و بە سێ ڕێڕەودا بەرەو بەغدا براون.
بۆ شاردنەوەی نەوتهەڵگرەکان و ژێرخانە نهێنییەکە لە چاودێریی ئاسمانی، بەگوێرەی سەرچاوەکان نەوتهەڵگرەکانی سووتەمەنی لەژێر دارخورما و ناوچە چڕدارەکاندا لەلای حامییە، پشت گەڕەکی زەهرای نوێ و نزیک گۆڕستانی 'سەید مەشیووح' حەشار دراون.
هاوکات کێڵگەی گەورەی پەلەوەر و گۆمی بەخێوکردنی ماسی لە ناوچەکەدا دروست کراون، لە کاتێکدا کامل غورەیری، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگهیاندووه، كه هەندێک لایەن خاوەندارێتی باخەکانی خەڵکە ڕەسەنە سوننەمەزهەبەکەیان (هۆزی جەنابی) گواستووەتەوە بۆ سەر ناوی دیکە تاکو ڕێگە لە گەڕانەوەیان بگرن، دوای ئەوەی لە 2014دا ئاوارە بوون یان ڕووبەڕووی کوشتن، گرتن و ڕاگواستن بوونەوە.
لە ڕووی ئهمنییهوه، تاریکترین نهێنیی ناو تونێلەکانی جورف سەخر بوونی زیندانی نهێنی و ئامێری پێشکەوتووی سیخوڕییە؛ جابر ڕەجەبی گوتی: "ئەو زیندانانە لە ڕابردوودا دژی سوننەکان و ئێستاش بۆ نەیارەکانی ئێران بەکار دەهێنرێن." ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زانیارییە کۆنەکان لەبارەی هەبوونی ژووری تاکەکەسی بۆ گیراوانی ئەنبار و تۆمەتەکانی ساڵی 2016ی حامید موتڵەگ، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە کەتائیبی حیزبوڵڵای بە بەرپرسیار زانی لە ڕفاندنی زیاتر لە 1,000 هاووڵاتی هەڵاتووی دەستی داعش لە ناوچەی نوخەیب، کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
نهێنییەکانی ژێرزەوی و کۆگاکانی جورف سەخر ڕەهەندێکی مووشەکی و سەربازیی ئهمنیشیان هەیە؛ لە ساڵی 2019دا ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوە کردووه، یەکەم هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە عێراقەوە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودییە لە جورف سەخرەوە بووە.
لە 2020یشدا زانیاری دزەی پێ کرا کە سەردانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، بۆ شارۆچکەکە هاوکات بووە لەگەڵ گواستنەوە و کۆگاکردنی مووشەکی ئێرانی جۆری 'ئارەش' و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەوێ؛ لە تەممووزی 2024یشدا دوای هێرشێکی ئەمریکا کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی 15 کەس، کەتائیبی حیزبوڵڵا خۆی دانی بە بوونی 'شارەزایانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان'دا نا لە ناوچەکەدا.
هۆکاری ئاشکرانەبوونی تەواوی ناوەوەی تونێلەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومی (پێکهێنراو لە 12ی تشرینی دووەم)، سەرەڕای دوورخستنەوەی 9 بەرپرسی ئهمنی و نەوتیی بابل بەبێ سزادانی لیواکانی 45 و 46ی حەشد، نەیتوانیوە بیانپشکنێت.
بەرپرسە ناوخۆیییەکان ئاشکرایان کردووه، لیژنەکە تەنیا بە ڕەزامەندیی کەتائیبی حیزبوڵڵا و بە چاودێریی چەکدارە جلڕەشەکانی دەروازەکە وەک 'میوان' چوونەتە ژوورەوە و بەتەواوی لەو شوێنانە دوور خرابوونەوە کە گومانی بوونی زیندانی نهێنی، سەربازگەی مەشق و کارگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لێ دەکرێت، دوێنێ سێشەممەش ڕێگری لە شاندێکی دادوەری و ئهمنی کرا.
جورف سەخر کە 60 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای بەغدا دوورە و لە تشرینی یەکەمی 2014 لە داعش ڕزگار کرا و ناو نرا جورف نەسر، دوای گرژییەکانی ئەم دوایییە ئەمڕۆ لێکتێگەیشتنێكی نوێ له نێوان عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و و ئیسماعیل قائانی واژۆ كراوه و شاندێکی باڵای عێراقی ڕێککەوتنێک دەگەیەنێتە کەتائیبی حیزبوڵڵا بۆ گواستنەوەی دوو لە سێ لیواکەی بۆ سنووری سووریا و جێگیرکردنی پۆلیسی فیدراڵی و یەکە سەربەخۆکانی حەشد؛ هەنگاوێک کە چاوەڕوان دەکرێت دوای 12 ساڵ دەرگای پشکنینی ڕاستەقینەی تونێلەکانی ناوچەکە بە ڕووی دەوڵەتدا بکاتەوە.