دوای چەند ڕۆژێک لە گرژیی سەربازی و مەترسیی هەڵگیرسانی پێکدادان لە باشووری بەغدا، شاندێکی باڵای عێراقی نەخشەڕێگای کۆتاییهێنان بە قهیرانی 'جورف سەخر' دەگەیەنێتە سەرکردەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا؛ بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکە، ئەو لایەنە چەکدارە بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی هێزەکانی لە ناوچەکە دەکشێنێتەوە و هێزێکی هاوبەشی فیدراڵی جێگەیان دەگرێتەوە.
شاندە باڵاکە پێک هاتووە لە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا؛ هادی عامری، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر؛ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و ئەبوو فەدەک محەممەداوی، سەرۆک ئەرکانی دەستەکە، کە بەفەرمی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە ڕادەستی کەتائیبی حیزبوڵڵا دەکەن.
لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا، دوو لە کۆی سێ لیواکەی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە جورف سەخر بۆ سنووری سووریا دەگوازرێنەوە و لە جێگەیاندا فیرقەی سێی پۆلیسی فیدراڵی، هێزەکانی ئاسایش و دوو لیوای سەربەخۆی حەشدی شەعبی وەک لیواکانی نزرگەکان جێگیر دەکرێن، کە بە دیاریکردنی سەرۆکوەزیران هەڵدەبژێردرێن و پەیوەندییان بە لایەنە چەکدارەکانەوە نییە.
ئەم لێکتێگەیشتنە بەرهەمی جموجووڵێکی چڕ و نهێنیی نێوان بەغدا و نەجەف بوو؛ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ڕۆژی دووشەممە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەفەوە گەیشتە عێراق و لەگەڵ کوڕەکەی ئایەتوڵڵا سیستانی کۆ بووەوە؛ قائانی هەمان شەو لە بەغدا چاوی بە عەلی زەیدی کەوت و ڕۆژی سێشەممەش زەیدی لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی نەجەفی کردەوە تاکو لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا لەگەڵ قائانی، بژاردەی کشانەوەی ئاشتییانە لەبری شەڕی ناوخۆیی تاوتوێ بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، عەلی زەیدی سەرەتا پێداگریی لەسەر نەمانی حیزبوڵڵا لە جورف سەخر کردبوو و بە جەختکردنەوە لە سەروەریی وڵات گوتی: "ئەگەر ئەمڕۆ شتی وا پەسەند بکەین، سبەی خراپتر ڕوو دەدات؛ دەبێت هەموو لایەنە چەکدارەکان لەوە تێ بگەن کەس لە سەرووی یاساوە نییە."
هەرچەندە نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا خۆیان بۆ ئەگەری پێکدادان ئامادە کردبوو و سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی گوتی: "پاڵپشتی حکومەتەکەی زەیدی دەکەین بۆ ئەوەی هێزە لەیاسادەرچووەکان ڕووبەڕووی یاسا بکاتەوە،" بەڵام دواجار زەیدی لەسەر داوای سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، پێشنیازەکەی قائانی پەسەند کرد.
ناوچەی جورف سەخر کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای بابل و 60 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای بەغداوە دوورە، لە تشرینی یەکەمی 2014 لە دەستی داعش ڕزگار کرا؛ لەو کاتەوە بۆ ماوەی نزیکەی 12 ساڵە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی لە ئاوارەییدا ماونەتەوە و ناوچەکە بە ڕووی هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتدا داخراو بووە.