سەرۆکی چین لە فڕۆکەخانە پێشوازییەکی دەگمەنی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ لووتکەیەکی سێقۆڵیی بێپێشینە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا.

 

ئەمڕۆ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لە فڕۆکەخانەی شاری شنجن لە باشووری وڵاتەکەی پێشوازیی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە و پێشتر لە مانگی ئەیلوولیشدا ترەمپ بە هەمان شێوە لە ئەمریکا پێشوازیی لە شی کردبوو.

 

ترەمپ لە یەکەم گەشتی نێودەوڵەتییدا دوای شکستەکەی حزبەکەی لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس، لە مانیلاوە گەیشتە شنجن بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی سەرکردەکانی کۆڕبەندی هاریکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (ئاپێک).

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پێشووی کۆشکی سپی، ڕۆژی پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەم، ترەمپ لە پەراوێزی ئەو لووتکەیەدا یەکەم کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەگەڵ سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ئەنجام دەدات.

 

بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکا، گفتوگۆکان دۆسیەی کەمکردنەوەی جبەخانە ئەتۆمییەکان و جەنگی ئێران دەگرنەوە، هاوکات ترەمپ ڕایگەیاندووە بەنیازە جەنگی ئۆکرانیاش تاوتوێ بکات، هەرچەندە بەرپرسانی ئیدارەکەی پێشتر ئەو بابەتەیان دوورخستبووەوە.

 

ئەم لووتکەیە لە کیێڤ و پایتەختەکانی ئەوروپادا، نیگەرانیی لە ئەگەری گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەبارەی داهاتووی ئۆکرانیا بەبێ بەشداریی لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست کردووە، بە تایبەت دوای ئەوەی گفتوگۆکانی ئەم مانگەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە ئەبوزەبی بێ ئەنجام کۆتاییان هات.

 

لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ دوای کۆتاییهاتنی پەیماننامەی (نیو ستارت) لە شوباتی ڕابردوودا هەوڵی بەرەوپێشچوونی دیپلۆماسی لە پرسی چەکە ئەتۆمییەکاندا دەدات، بەڵام پەکین بەشداریکردن لە دانوستانی سێقۆڵیدا ڕەتدەکاتەوە تاوەکو جبەخانەکانی ئەمریکا و ڕووسیا کەم نەکرێنەوە.

 

هەر ئەمڕۆ، شی جینپینگ و ڤلادیمێر پوتین لە شنجن کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان ئەنجام دا؛ سەرۆکی چین داوای بەهێزکردنی ڕۆڵی هەردوو وڵاتی بۆ هاندانی سیستەمێکی جیهانیی فرەجەمسەر کرد، لای خۆیەوە پوتین پێشبینیی بەدەستهێنانی سوودی گەورەی لە دیدارە سێقۆڵییەکە کرد و جەختی لە گرنگیی گفتوگۆ لەبری گۆشەگیری و هۆشدارییەکان کردەوە.

 

هاوکات ڕەخنەی لە سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر وڵاتەکەی گرت، ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە هاوبەشیی ستراتیژیی چین و ڕووسیا لە ساڵی 2022وە بەهێزتر بووە و ململانێی ئەمریکا و چینیش لەسەر بازرگانی، تەکنەلۆژیا و هەژموونی جیهانی بەردەوامە.

 

ڕێکخراوی (ئاپێک) لە ساڵی 1989 دامەزراوە و 21 ئابووریی ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن لەخۆدەگرێت، بە هاوبەشی زیاتر لە نیوەی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان پێکدەهێنن، کارەکانی ئەم کۆڕبەندە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بەهێزکردنی بازرگانی، وەبەرهێنان و تەواوکاریی ئابووری لە نێوان ئەندامەکانیدا چڕ دەبنەوە.