هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی ئوردنی لە کاتی ئەنجامدانی مەشقێکی سەربازیدا تێکشکا و تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان یان زیانە گیانییەکان بڵاونەکراوەتەوە.

 

ئەمڕۆ فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن ڕایگەیاند، لە کاتی ئەنجامدانی مەشقێکی سەربازیدا هێلیکۆپتەرێکی سەربازی لە جۆری (بلاک هۆک) تێکشکاوە، بەپێی ئەو بەیاننامەیەی ئاژانسی ڕۆیتەرز گواستوویەتییەوە، تیمە تایبەتمەندەکان ڕێکارەکانی بەهاناوەچوونی ڕووداوەکەیان دەستپێکردووە و هەنگاوی پێویستیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە گرتووەتەبەر.

 

هەروەها بەیاننامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە دووپاتی کردووەتەوە، هەر زانیاری و پێشهاتێکی نوێ بەپێی ڕێکارە فەرمی و پەسەندکراوەکان ڕادەگەیەندرێت، بەڵام تا ئێستا سوپای ئوردن لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا شوێنی ڕووداوەکە و هۆکارەکانی پشت تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەی دیاری نەکردووە.

 

هاوکات هیچ وردەکارییەکی سەبارەت بە چارەنووسی تیمی فڕۆکەوانیی ناو هێلیکۆپتەرەکە و ئەگەری کەوتنەوەی زیانی گیانی ئاشکرا نەکردووە، چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی ڕێکارە مەیدانییەکان، فەرماندەیی سەربازیی وڵاتەکە زانیاریی زیاتر لەوبارەیەوە بخاتە ڕوو.

 

هێلیکۆپتەری (بلاک هۆک) فڕۆکەیەکی سەربازیی دروستکراوی ئەمریکایە و بە فرەئەرکی دەناسرێت، ئەم جۆرە هێلیکۆپتەرە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی سەربازان، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و فریاگوزاریی پزیشکی بەکاردەهێنرێت.