داهێنەرێکی بواری کاتژمێرسازیی ڕووسیا بۆ دووەمجار خەڵاتی سەرەکیی گرنگترین پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی کاتژمێرسازیی بەدەست هێنا.
ئەمڕۆ چایکین، داهێنەر و کاتژمێرسازی ڕووسی، ڕایگەیاند، لە خولی 26ـەمی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گراند پریکسی جنێڤ لە سویسرا، ناسراو بە ئۆسکاری کاتژمێرسازی، کاتژمێرە نوێیەکەی بە ناوی (تینکینگ میستری) لە بەشی نایابیی میکانیکیدا بەشداریی کردووە و خەڵاتی سەرەکیی بەدەست هێناوە.
بە گوتەی چایکین، ئەو کاتژمێرە تەنکترین کاتژمێری میکانیکیی جیهانە؛ ئەستووریی قاپەکەی تەنیا 1.65 ملیمەترە و کێشەکەی 12.1 گرامە، ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە، ژمارەی پێوانەیی جیهانی گەڕاوەتەوە بۆ کارگەکەیان و تەنیا 12 دانە لەو کاتژمێرە بەرهەم هێنراوە.
ئەم سەرکەوتنە دوای 8 ساڵ لە یەکەم بردنەوەی داهێنەرە ڕووسییەکە دێت لە ساڵی 2018ـدا، کاتێک بە کاتژمێری دەستیی (جۆکەر) یەکەم خەڵاتی بوێریی لە پێشبڕکێکەدا وەرگرت، لەو کاتژمێرەدا دیسکی کاتژمێر و خولەکەکان دوو چاوی کارەکتەرەکە و نیشاندەری قۆناغەکانی مانگیش پێکەنینەکەی پێکدەهێنن.
ئەمساڵیش ئەکادیمیای پێشبڕکێکە، بە ئەندامێتیی نزیکەی 1000 شارەزا، لە کۆی گشتیی بەشداربوواندا 84 مۆدێلیان لە 14 بەشی جیاوازدا هەڵبژارد و کێبڕکێکە زیاتر لە 20 ساڵە لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت، پێش ڕێوڕەسمی خەڵاتەکانیش، پێشانگای بەناوبانگی کاتژمێرسازیی (ڕۆژانی کاتژمێری جنێڤ) بە بەشداریی 71 براندی جیهانی لە هۆتێل و فرۆشگاکانی جنێڤ بەڕێوەچوو.
چایکین بۆ شەشەم ساڵی لەسەریەک بەشداریی تێدا کرد، بەڵام ئەمجارە بۆ یەکەمجار لە پاڵ کاتژمێرەکاندا تابلۆ هونەرییەکانی خۆیشی نمایش کرد، هاوکات وەشانی مەدەنیی کاتژمێری (فاتیحی بۆشایی) خستە ڕوو؛ ئەم مۆدێلە لە بنەڕەتدا بۆ کەشتیوانانی بۆشایی ئاسمانی ڕووسیا دیزاین کراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کارگەکەی چایکین لە ساڵی 2018ـەوە هاوکاریی دەزگای بۆشاییگەریی ڕووسیا (ڕۆسکۆسمۆس) دەکات و لەو ماوەیەدا نموونە تاقیکارییەکانی 4 جار لە بۆشایی کراوەی ئاسماندا تاقی کراونەتەوە، بەم دەستکەوتە نوێیەش، داهێنەرە ڕووسییەکە پێگەی خۆی لە پێشەنگی تەکنەلۆژیای کاتژمێری میکانیکی و وردەکاریدا جێگیرتر کرد.