لایەنە پەیوەندیدارەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان دوا وادە بۆ وەرگرتنەوەی بێبەرامبەری تابلۆ ونبووەکانی ئەو ئۆتۆمبێلانە دیاری دەکەن لە ڕووداوی لافاوەکەی ئەم دواییەدا زیانیان بەرکەوتبوو.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، سبەی پێنجشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2026 دوا وادەیە بۆ وەرگرتنەوەی تابلۆی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی لافاوەکەی شاری هەولێرەوە ون بوون، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردەوە، پرۆسەکە بەبێ بەرامبەر و لە ڕێگەی ڕێکاری تایبەتەوە بەڕێوەدەچێت.
بۆ ئەو مەبەستەش، پێویستە شۆفێران تا کۆتایی وادە دیاریکراوەکە نووسراوی پشتگیریی قایمقامییەتی قەزای هەولێر پێشکەش بکەن، بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هاتوچۆی هەولێر، کارکردن بەو ڕێکارە تایبەتە لە دوای ڕێکەوتی ئاماژەپێکراوەوە کۆتایی پێدێت.
هەر شۆفێرێک لە دوای ئەو وادەیەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکات، لە ئاسانکارییە بێبەرامبەرەکە بێبەش دەبێت، لەو حاڵەتەدا شۆفێران ناچار دەبن بەپێی ڕێکارە کارپێکراوەکانی پێشوو مامەڵە بکەن و نووسراوی فەرمی لە بەشی پۆلیسی ونبووەکانەوە بهێنن.
ئەم ڕێکارە تایبەتە دوای ئەوە هات لە ماوەی ڕابردوودا لافاو چەند ناوچەیەکی شاری هەولێری گرتەوە و بووە هۆی ونبوونی تابلۆی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل، هاتوچۆی هەولێریش بۆ ئاسانکاریی شۆفێران بڕیاری دابوو بەبێ بەرامبەر تابلۆکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.