سوپای ئێران بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەیەکی کەنداو کردووەتە ئامانج و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەش هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد.

 

ئەمڕۆ دەستەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، سوپای ئێران بەرەبەیانی چوارشەممە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگییەوە بنکەی ئاسمانیی عەلی سالمی لە کوەیت کردووەتە ئامانج، بەگوێرەی بەیاننامەی سوپای ئێران، لە هێرشەکەدا کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو بنکەیەدا پێکراون، ئامانجەکان سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێزەکانی ئەمریکایان لەخۆگرتووە.

 

لە کاردانەوەی ئەو ڕووداوەدا، حکومەتی کوەیت ئەمڕۆ بە توندترین شێوە هێرشە درۆنییەکەی سەر خاکەکەی سەرکۆنە کرد، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە، بەردەوامبوونی ئەو جۆرە هێرشانە پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات، هەروەها جەختی کردووەتەوە ئەو کارانە هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەباردەبەن.

 

بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم یەکێکە لە بنکە سەربازییە سەرەکییەکانی کوەیت و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ ئەرکە ئاسمانی و لۆجستییەکان بەکاری دەهێنن، ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی پێکدادانە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن.