باڵاترین دەسەڵاتی دادوەریی عێراق سکاڵایەکی تایبەت بە نادەستووریبوونی خولی ئێستای پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی ڕەتکردەوە.

 

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، لە دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026ـدا سکاڵای ژمارە (211/فیدراڵی/2026)ـی ڕەتکردووەتەوە، سکاڵاکە لە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە لایەن ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانەوە لە دژی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان تۆمار کرابوو.

 

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، دانیشتنەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن، سەرۆکی دادگاکە و ئامادەبوونی هەموو دادوەرەکان بەڕێوەچووە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سکاڵاکار داوای کردبوو بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری بناسێنرێت و ڕێکارە یاساییەکانی دوای بڕیارەکە جێبەجێ بکرێن.

 

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕوونیکردووەتەوە، بەپێی بەندی (93/یەکەم)ـی دەستووری ساڵی 2005ـی عێراق، دەسەڵاتی دادگای فیدراڵی تەنیا چاودێریکردنی ئەو یاسا و ڕێسایانەی ئێستا کاریان پێ دەکرێت دەگرێتەوە، لەبەر ئەو هۆکارە، پرسی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە سنووری دەسەڵاتی ئەو دادگایەدا نییە.

 

دادگای باڵای فیدراڵی جەختیشی کردووەتەوە، دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتی دادگا کارێکی گشتییە و دادگا خۆی بڕیاری لەسەر دەدات، تەنانەت ئەگەر لایەنەکانی سکاڵاکەش باسیان نەکردبێت، بە پشتبەستن بەو بنەمایە، سکاڵاکە بە کۆی دەنگ ڕەتکرایەوە، هاوکات بەپێی بەندی (94)ـی دەستووری عێراق، تەواوی دەسەڵاتەکان ناچارن پابەندی ئەم بڕیارە بن.

 

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، ڕۆژی یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دوو داواکاریی فەرمانسالاریی خێرای (ئەمری وەلائی) لەسەر دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە، ئەو دوو داواکارییەش بە هەمان شێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و ئامادەبوونی ئەندامانی دادگاکە تاوتوێ کرابوون.