دایکی ئەستێرەیەکی ناوداری تۆپی پێ لە ئەوروپا هێرشێکی توندی کردە سەر هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەی دوای تووشبوونیان بە دۆڕانێکی قورس لە پاڵەوانێتییەکی کیشوەریدا.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی ئۆ جۆگۆی پورتوگالی ڕایگەیاند، دۆلۆرێس ئەڤێرۆ، دایکی ئەستێرەی پورتوگالی، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، هێرشی کردووەتە سەر هەڵبژاردەی پورتوگال پاش دۆڕانیان بەرامبەر بە دانیمارک بە ئەنجامی 4 بە 1 لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا.
ڕۆژنامەکە ڕوونی کردەوە، ئەڤێرۆ شکستەکەی بە شایستە زانیوە و دووپاتی کردووەتەوە کوڕەکەی فێڵی لێ کراوە و ڕێزی پێویستی لێ نەگیراوە، هاوکات جەختی لەوەش کردووەتەوە، ڕۆناڵدۆ بەهۆی ئەو شێوازە مامەڵەیەوە هەستی بە خەمباری کردووە و خۆیشی زۆر کاری تێ کردووە.
لە درێژەی لێدوانەکانیدا، دۆلۆرێس ئەڤێرۆ ڕەخنەی لە شێوازی ڕێزلێنان لە کوڕەکەی گرت و گوتی: "دەبوو ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانەکە بە ئامادەبوونی خۆی بێت نەک لە ئامادەنەبوونیدا"، ناوبراو ڕایگەیاند، لە یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنانی بۆ ڕێک دەخەن، چونکە لەوێ پێزانینی تەواوی بۆ هەیە، هەروەها ئاشکرای کرد، لە ناو هەڵبژاردەی نیشتمانیدا هیچ ڕێزێکی لێ نەگیراوە، تەنانەت لە لایەن هاوڕێ یاریزانەکانیشیەوە.
ئەم لێدوانانە دوای یەکەم یاریی هەڵبژاردەی پورتوگال دێن لە پاش ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە کاروانی نێودەوڵەتی لە لایەن ڕۆناڵدۆوە، لە یارییەکەی بەرامبەر دانیمارک لە یاریگای شاری براگا، یاریزانان درێسی ژمارە 7ـیان پۆشی و هاندەرانیش لە خولەکی 7ـدا ناوی ڕۆناڵدۆیان گوتەوە و لافیتەی 'سوپاس کاپتن'ـیان بەرز کردەوە.