زەنگێکی مێژوویی کڵێسا لە کەنەدا دزراوە و تەمەنی زەنگەکە زیاتر لە سەدەیەکە و کێشەکەشی لە 100 کیلۆگرام تێدەپەڕێت.
ئەمڕۆ پۆلیسی کەنەدا ڕایگەیاند، چەند کەسێک لە پارێزگای مانیتۆبا زەنگێکی کڵێسایان دزیوە بە کێشی زیاتر لە 130 کیلۆگرام کە تەمەنی بۆ 120 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. بە گوتەی لێکۆڵەران، تا ئێستا نازانرێت زەنگەکە چۆن و کەی لە تاوەری کڵێساکە لێکراوەتەوە.
هاوکات بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، زیان بەر تاوەری تەختەپۆشی کڵێسایەکی کاسۆلیکیی ئۆکرانی لە ناوچەیەکی گوندنشینی باکووری شاری وینیپێگ کەوتووە.
ئەفسەرێکی پۆلیس بە دەستەی پەخشی کەنەدیی ڕاگەیاند، زەنگەکە لە مسی زەرد دروستکراوە و بە نەخش و نیگاری هونەری ڕازێنراوەتەوە. پۆلیس پێشی وایە دزەکان لەبری بایەخدان بە شێوە هونەرییەکەی، چاویان لە کانزاکەی بووە و ڕەنگە هەوڵ بدەن وەک پاشماوەی کانزایی بیفرۆشنەوە.
بۆ ئەو مەبەستە، هێزەکانی پۆلیس پەیوەندییان بە تەواوی کۆمپانیاکانی بازرگانیی پاشماوەی کانزایی و ڕیسایکلینی ناوچەکە و شاری وینیپێگەوە کردووە و لە چاودێریکردنی ئەو زەنگە ئاگاداریان کردوونەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مێژوویی مانیتۆبا، ئەم زەنگە لە ساڵی 1906 لە وڵاتی سویسراوە بۆ کەنەدا هاوردەکراوە، بەمەش بۆ ماوەی 120 ساڵ وەک پارچەیەکی مێژوویی و کولتووری لەو ناوچەیەدا ماوەتەوە.