لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی گەشتیاریی مۆڤنپیک - گۆمەسپان لە هەولێر، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی لە دۆخی سیاسی، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کرد.
ئهمڕۆ سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی ڕایگهیاند، كه بە ناوی هەموو خەڵکی کوردستانەوە ڕایدەگەیەنم هەرێمی کوردستان دابەش ناکرێت و زۆر خۆشحاڵم دەبینم خەڵکی دڵسۆز و خۆشەویستی سلێمانی دژی ئەم هەڵمەتە هاتوونەتە دەنگ.
سهرۆكوهزیران داوای لە هەموو خەڵکی کوردستان کرد پشتیوانی خەڵکی سلێمانی بکەن بۆ دژایەتیکردنی هەر ئەجێندایەکی دابەشکاری.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی: "پێشتر هەندێک لایەن داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانیان دەکرد، کەچی ئێستا لە بەغدا دژی کورد کار دەکەن و سکاڵایان لە دژی کاراکردنەوەی تۆمار کردووە بۆ ئەوەی پەرلەمان لە کار بخرێت".
هەروەها جەختی کردەوە کە دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان، شەرعییەتی قەوارە و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراوە.
لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و شایستە داراییەکان، سەرۆکوەزیران دهڵێت: "لەسەر بودجە و مافە دەستوورییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق لە گفتوگۆداین و باشترین ڕێگەش ڕێگەی ئاشتی و دیپلۆماسییە".
ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەوان تەنیا بە داواکردنی مووچە ڕازی نین، بەڵکوو دەیانەوێت کوردستان بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، پێشکەوتوو بێت و ببێتە دەروازەیەک بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تەوەرێکی دیکەی گوتارەکەیدا باسی لە پڕۆژە گەشتیاری و وەبەرهێنانەکان کرد و ئاماژهی بهوهدا، كه ئامانجیانە خەڵکی کوردستان ژیانێکی بەختەوەرتر بژین و پڕۆژەکان بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەتدا جێبەجێ دەکرێن.
هاوکات سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنانی کرد و پلانەکەیانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوشێوە لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا ڕاگەیاند.
ئەم گوتارە لە کاتێکدا پێشکەش کرا کە ئەمڕۆ لە گۆمەسپانی هەولێر بەردی بناغەی یەکەم لقی هاوینەهەواری مۆڤنپیک لە هەرێمی کوردستاندا دانرا، کە بە گوتەی مەسرور بارزانی پێش چەند ساڵێک نە ئاو و نە ڕێگای وەک ئێستای لێ نەبووە.