بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە نووسراوێکی فەرمی کۆکردنەوەی هەر جۆرە پارەیەکی لە قوتابییان و خوێندکاران لە ناوەندەکانی خوێندن بە تەواوی قەدەغە کرد و هۆشداریی لێپێچینەوەی توندی دا.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی - بەشی خزمەتگوزاری، گشتاندنێکی ئاڕاسته‌ی سەرجەم بەڕێوەبەرێتییەکانی پەروەردەی سنووری پارێزگاکەی كرد و تیایدا ڕایگه‌یاندووه‌، كه‌ تێبینی کراوە و زانیاری گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتییەکە کە لە بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندندا بە ناوی ئەنجوومەنی دایکان و باوکانەوە زیادەڕەوی دەکرێت لە دیاریکردن و کۆکردنەوەی بڕێک پارە وەک کۆمەک بۆ پاڵپشتی قوتابخانە و خوێندنگەکان.

 

به‌پێی نووسراوه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، بۆ ساڵی خوێندنی 2026 - 2027 پارەی فرۆشگا بۆ خودی قوتابخانە و خوێندنگەکانە، بۆیە لە ژێر هیچ ناونیشان و پاساوێکدا ڕێپێدراو نییە پارە لە قوتابییان و خوێندکاران کۆ بکرێتەوە یان ناچار بکرێن لە ڕێگەی دایک و باوکیانەوە بڕێک پارە بدەن.

 

لە کۆتایی نووسراوەکەدا هۆشداری دراوە کە هەر لایەن و ناوەندێک پێچەوانەی ئەم بڕیارە کار بکات بەرپرسیارێتی توندی لەسەر دەبێت، هاوکات وێنەیەکیشی بۆ کۆمەڵگە پەروەردەیییەکان نێردراوە بۆ پابەندبوون بە ناوەڕۆکەکەی.