وا بڕیاره‌ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەی گەشتیاریی 'مۆڤنپیک هەولێر گۆمەسپان ڕیزۆرت' لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دادەنێت.

 

ئه‌مڕۆ مەسرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی گەشتیاریی مۆڤنپیک هەولێر گۆمەسپان دادەنێت؛ براندی جیهانیی مۆڤنپیک یەکەم لقی خۆی لە هەرێمی کوردستان لە دەریاچەی گۆمەسپان دەکاتەوە و ده‌بێته‌ یه‌كێک له‌ ناوازه‌ترین پڕۆژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌.

 

ئەم پڕۆژە گەشتیارییە نوێیە لەسەر پاشخانی ئەو ژێرخانە ستراتیژییە بنیات دەنرێت کە یەکێکە لە سیما هەرە دیارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لە بواری دروستکردنی بەنداو و پۆندەکاندا.

 

ڕیزۆرتەکە دەکەوێتە سەر نیمچەدوورگەیەکی سەرنجڕاکێش لە کەناراوەکانی دەریاچەی گۆمەسپان و بە تەواوی دەڕوانێتە سەر دەریاچەکە، هاوکات تەنیا 30 خولەک لە سەنتەری شاری هەولێرەوە دوورە.

 

پڕۆژەکە بە براندی نێودەوڵەتی 'مۆڤنپیک' جێبەجێ دەکرێت و لە لایەن کۆمپانیای 'ئالکۆف' و بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی 'کەی ئاڕ دی هۆڵدینگ (KRD Holding)' و لە ژێر سەرپەرشتی کۆمپانیای 'ئاکۆر'ـی فەرەنسیدا دروست دەکرێت.

 

گرێبەستی فەرمی ئەم پڕۆژە گەشتیارییە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا واژۆ کرا و بەپێی خشتەی کارەکان بڕیارە لە ساڵی 2030دا بە تەواوی تەواو بکرێت.

 

لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا، ڕاکی فیلیپس، بەرپرسی باڵای کۆمپانیای ئاکۆر گوتی: "ئەزموونی هاوینەهەوارێکی تەواو جیاواز دەهێنینە هەرێمی کوردستان و ئەم پڕۆژەیە سوود لە سروشتە جوانەکەی ناوچەکە و نزیکی لە سەنتەری شار وەردەگرێت، هەربۆیە دەکرێت ببێتە شوێنێکی پێشەنگ لە بواری گەشتوگوزاردا".

 

مۆڤنپیک هەولێر گۆمەسپان وەک هاوینەهەوارێکی پێنج ئەستێرەییی سەردەمیانە و پێشکەوتوو پلانی بۆ داڕێژراوە و بەپێی زانیارییەکان لە 140 تا 150 ژوور و سویت پێک دێت.

 

دیزاینی پڕۆژەکە کارەکتەرێکی تەلارسازیی ناوازەی هەیە کە سرووشی لە ڕیزۆرتە کەناردەریایییەکانی ئیتاڵیای نیوکلاسیکی وەرگرتووە و کۆمپانیای 'پی ئاند تی گرووپ' وەک تەلارساز و ڕاوێژکاری سەرەکی دیزاین کارەکانی کردووە.

 

شێوازی نەخشەسازیی هاوینەهەوارەکە لە شوێنی مانەوەی ئاسوودە، ڕووبەری بەرفراوانی سەوزایی و باڵکۆنی ڕوو لە دەریاچەی گۆمەسپان پێک دێت، بە جۆرێک کە گونجاو بێت بۆ پشووی خێزانی و مانەوەی درێژخایەن.

 

لە ناو پڕۆژەکەدا چەندین چێشتخانەی هەمەجۆر، هۆڵی حەسانەوە و پشوودان، هەروەها چێشتخانە و کافێیەکی تایبەت بە کاتی ئاوابوونی خۆر دروست دەکرێن تاکو ئەزموونێکی جیاواز ببەخشنە گەشتیاران.

 

بۆ خزمەتگوزاریی تەندروستی و وەرزشی، ڕیزۆرتەکە سەنتەری تەندروستی (سپا)، هۆڵی وەرزشی و مەلەوانگەی کراوە و داخراو لە خۆ دەگرێت بۆ وەرزە جیاوازەکانی ساڵ.

 

هاوکات یانەی کاتبەسەربردنی خێزانی، یانەی تایبەت بە منداڵان و گەنجان، لەگەڵ شوێنی بازاڕکردن لە پێکهاتەی خزمەتگوزارییەکانی ڕیزۆرتەکەدا جێگیر کراون.

 

بۆ بۆنە و ڕێوڕەسمە گەورەکان، ڕووبەرێکی بەرفراوان لە نێوان 1,300 بۆ 1,800 مەتر دووجا تەرخان کراوە کە هۆڵێکی گەورەی ئاهەنگگێڕان و هاوسەرگیری و چوار هۆڵی کۆبوونەوەی تێدایە.

 

ئەم بەشەی پڕۆژەکە بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە پێداویستیی بۆنە تایبەتەکان، ئاهەنگەکان و کۆبوونەوە بازرگانییە گەورەکانی کۆمپانیاکان لەسەر ئاستی ناوچەکە پڕ بکاتەوە.

 

ئەم پڕۆژەیە یەکەم لقی براندی جیهانی مۆڤنپیکە لە هەرێمی کوردستاندا و لەسەر ئاستی عێراقیش دووەم پڕۆژەی گەشتیاریی کۆمپانیای ئاکۆرە دوای پڕۆژەی 'مۆڤنپیک ئەلزەیتوون' لە بەغدا.

 

کۆمپانیای ئاکۆر پێی وایە هاوینەهەواری مۆڤنپیک گۆمەسپان دەبێتە دووەم ئەزموونی سەرکەوتوویان لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی میوانداریی سەردەمیانەوە.

 

براندی مۆڤنپیک بنەچەکەی سویسرییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1948، کە بە شارەزایی لە چێشتلێنان و خزمەتگوزاریی گەرموگوڕ ناسراوە و ئێستا زیاتر لە 140 هۆتێل و ڕیزۆرتی لە زیاتر لە 40 وڵاتدا هەیە.

 

کۆمپانیای ئاکۆری فەرەنسی کە خاوەندارێتی براندەکە دەکات، لەسەر ئاستی ئەوروپا گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی هاوینەهەوارە و لەسەر ئاستی جیهانیش شەشەم کۆمپانیایە و زیاتر لە 5,800 هۆتێل و ڕیزۆرتی لە 110 وڵاتدا هەیە.

 

بەنداوی گۆمەسپان کە لە 16ی تشرینی یەکەمی 2024دا کرایەوە، سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێش.

 

بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆ و پەرەپێدانی زیاتری ناوچەکە، لە 24ی شوباتی 2026دا ڕێگای دووسایدی ستراتیژیی 'هەولێر – گۆمەسپان' کرایەوە تاکو گۆمەسپان ببێتە یەکێک لە گەورەترین ناوەندە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەولێر.