هەڵوێستی وەزیری نەوتی عێراق و ڕانەگەیاندنی ڕەزامەندیی کۆتایی، پرۆسەی ناردنی 760 تۆن غازی شلی بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگرتووە و جێبەجێکردنی بڕیارەکەی بۆ کاتێکی نادیار دوا خستووە، لە کاتێکدا پێشتر بڕیار بوو سەرەتای ئەم هەفتەیە بڕە غازەکە ڕەوانە بکرێت.

 

دوای داواکاریی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕەزامەندی لەسەر ناردنی ئەو بڕە غازە درابوو، بەڵام لە ئێستادا هەموو پرۆسەکە تەنیا لەسەر واژۆ و بڕیاری کۆتایی وەزیری نەوتی عێراق وەستاوە و هەر کاتێک وەزیرەکە واژۆی بکات، ڕاستەوخۆ دەنێردرێت.

 

بەپێی دابەشکاریی بڕیارلێدراو، ئەو 760 تۆن غازەی چاوەڕێی هەڵوێستی وەزیری نەوتی عێراقە، 300 تۆنی بۆ هەولێر، 260 تۆنی بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و 200 تۆنیشی بۆ پارێزگای دهۆک تەرخان کراوە.

 

دواکەوتنی ئەم بڕیارە و کەمیی خستنەڕووی غاز نرخی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەرز کردووەتەوە، بە شێوەیەک لیترێک غاز لە بەنزینخانەکان گەیشتووەتە 670 بۆ 675 دینار، بوتڵێک غازی بازرگانی بە 17,000 دینارە و نرخی بوتڵی بریکارەکانیش 8,500 دینارە.