لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق ڕەشنووسی بودجەی گشتییان بۆ ساڵی داهاتوو تەواو کرد و تێیدا داهاتی نانەوتی بەشێوەیەکی بێوێنە بۆ نزیکەی 20% بەرزدەبێتەوە.
ئەمڕۆ حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی، ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027ـیان تەواو کردووە. ڕەشنووسەکە داهات و خەرجی و کورتهێنانی چاوەڕوانکراوی دیاری کردووە و بۆ یەکەمجار ڕێژەیەک لە بودجەی بەرنامە و ئەدای تێدا جێگیر کراوە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕوونیکردەوە، بودجەی داهاتوو بۆ یەکەمجار بەرزبوونەوەی ڕێژەی داهاتە نانەوتییەکان بۆ لانیکەم 19% بەخۆیەوە دەبینێت، ئەم بەرزبوونەوەیە بە بەرزترین ئاست دادەنرێت لە مێژووی عێراقدا و لە ئەنجامی وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی و گەشەپێدانی دیجیتاڵی بەدەستهاتووە. هاوکات پشتبەستن بە سیستەمی ئەلیکترۆنی لە دەروازە سنوورییەکان و بەهێزکردنی کۆکردنەوەی باج لەم گۆڕانکارییەدا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە.
سەبارەت بە دواکەوتنی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە، عەبودی ڕوونیکردەوە، بابەتەکە پەیوەستە بە گفتوگۆ سیاسییەکانەوە، بەتایبەت پشکی هەرێمی کوردستان و ڕادەستکردنی نەوت، بەپێی ڕەشنووسەکە، پێویستە هەرێم لانیکەم 445 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ڕادەست بکات، بەڵام هەرێمی کوردستان دەڵێت، توانای بەرهەمهێنانمان لەم ئاستە کەمترە.
ئابووریی وڵاتی عێراق بە ڕێژەیەکی زۆر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و پێش ساڵی 2026 ڕێژەی داهاتە نانەوتییەکان لە 11% تێنەپەڕیبوو، لە دوای ساڵی 2003ـەوە ئامادەکردنی بودجە گشتییەکانی عێراق بەردەوام گفتوگۆی سیاسی و ناکۆکیی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لەگەڵدا بووە.