ناکۆکییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەهۆی دۆسیەی جورف سەخر و داهاتووی هاوپەیمانێتییەکەوە قووڵ بوونەتەوە و بەرەو دابەشبوون بۆ دوو باڵی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ناو حکومەت دەچێت.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی (مەدا) بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تاکو ئێستا ڕەزامەندیی سەرجەم لایەنەکانی هاوپەیمانی شیعەی بۆ هەڵکوتانە سەر جورف سەخر وەرنەگرتووە و ناوی ئەو گرووپەشی ئاشکرا نەکردووە کە تۆمەتبارە بە قاچاخبردنی نەوت لە ناوچەکەدا.
لە کاتێکدا میدیاکان باس لە کۆتاییهاتنی مۆڵەتی چۆڵکردنی ناوچەکە لە ڕۆژی هەینی و چوونەژوورەوەی هێزە ئەمنییەکان لە شەممەدا دەکەن، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەت گوتی: "چوونەژوورەوەی هێزەکان لە ماوەیەکدا دەبێت کە دوور نییە".
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لایەنە شیعەکان دانوستان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان دەکەن بۆ دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی سەربازی، هاوکات لادانی بەرپرسانی ئەمنی لە بابل لیواکانی 45 و 46ی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵای نەگرتووەتەوە.
بە گوتەی سێ ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ڕۆژنامەکە، هاوپەیمانێتییەکە ماوەی نزیکەی مانگێکە نەیتوانیوە کۆبوونەوەی گشتی ببەستێت و کۆبوونەوەکەی 2ی تشرینی دووەمی 2026 بەهۆی ئامادەنەبوونی بەشێک لە سەرکردەکانەوە تەنیا وەک دیدارێکی ڕاوێژکاری بەڕێوە چوو.
لە ناو هاوپەیمانێتییەکەدا هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵا پێشنیازی بەدامەزراوەییکردنی چوارچێوە و پێکهێنانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و پێڕەوی ناوخۆی کردووە، بەڵام باڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ترسی ململانێی سەرکردایەتی و کەمبوونەوەی نەرمیی سیاسی لە دۆخی قەیرانەکاندا، تێبینیی لەسەر پڕۆژەکە هەیە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە قەیس خەزعەلی لە ڕێگەی بڕیاری ناوەندییەوە بزاوتنەوەی سادقوون بەرەو کاری تەواوی سیاسی و دوورکەوتنەوە لە تەوەری ئێران و گرووپە چەکدارەکان ئاراستە دەکات، لە کاتێکدا ناو ماڵی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ئەنجوومەنی باڵا و ڕێکخراوی بەدریش ڕووبەڕووی ناکۆکیی ناوخۆیی بوونەتەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە ساڵی 2022 و دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر وەک ژوورێکی فریاگوزاری بۆ پاراستنی دەسەڵات و هاوشێوەی کەناڵێکی پەیوەندیی خێرا لەنێوان سەرکردەکاندا دامەزرا.