ژمارەیەک لە ئەپڵیکەیشن و ماڵپەڕی بانکیی دامەزراوە داراییە گەورەکان لە ئەمریکا تووشی پچڕان و وەستانی لەناکاو بوون.

 

ئەمڕۆ ماڵپەڕی داون دیتێکتەر ڕایگەیاند، بەکارهێنەران لە ئەمریکا تێبینیی پچڕانیان لە ئەپڵیکەیشنەکانی وەک بانک ئۆف ئەمریکا، جەی پی مۆرگان چەیس و ئەپی گواستنەوەی پارەی زێڵدا کردووە کە بۆ خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنرێن.

 

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە، ڕاپۆرتەکانی تایبەت بەو کێشەیە لە کاتژمێر 2ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست و پاشان دەستیان بە دابەزین کردووە. هاوکات پچڕانەکە بووە هۆی ئەوەی ڕاییکردنی کاروباری بەشێک لە بەکارهێنەران لە کاتی ئاسایی خۆی زیاتر بخایەنێت.

 

لە لایەکی دیکەوە، بانکی جەی پی مۆرگان چەیس لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی ئێکس ڕوونیکردەوە، بەهۆی بوونی هەڵەیەکی پرۆگرامسازی لە سیستەمی ئامێرە ناوخۆییەکاندا تووشی کێشەیەکی کاتی بوونەتەوە، بانکەکە جەختی لەوەش کردەوە هیچ ئاماژەیەک بۆ بوونی هێرشی ئەلیکترۆنی لە ئارادا نییە و بەڵێنی دا تا کۆتایی ڕۆژ دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە.

 

ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، لە مانگی ڕابردوودا سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکانی باینانس ڕووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بووەوە و بەهۆیەوە 6.3 ملیار دۆلار دزرا، هەر لەم دواییانەشدا، بانکی کریدی موتێل ئارکیای فەرەنسی کرایە ئامانجی هێرشێکی هاوشێوە و زیانەکانی بە نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێنرا.