پەرلەمانی یەمەن دوای چەندین ساڵ دابڕان بڕیارێکی چارەنووسسازی دژی حووسییەکان پەسەند کرد، هاوکات هێزە سەربازییەکانیش سەدان هێرشی بەرفراوانیان کردە سەر پێگەکانی ئەو گرووپە و زیاتر لە 170 چەکداریان کردە ئامانج.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی فەرمیی سەبەئـ ڕایگەیاند، پەرلەمانی یەمەن بە کۆی دەنگ پرۆژەیاسایەکی بۆ ناساندنی حووسییەکان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و بەتاوانناساندنی چالاکی، پارەدارکردن و پڕچەککردنیان پەسەند کرد.

 

بەپێی ئەو یاسایە، سزای توند بۆ هێرشکردنە سەر مەدەنییەکان، چاندنی مین و بەئامانجگرتنی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دەسەپێنرێت و سامانی ئەو گرووپە سڕ دەکرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت، بڕیارە پرۆژەیاساکە ڕەوانەی ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن بکرێت بە مەبەستی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی.

 

لە لایەکی دیکەوە، ئەندامانی پەرلەمانی یەمەن بە سەرۆکایەتیی سوڵتان بەرەکانی و دەیان ئەندامی حکومەت بۆ یەکەمجار لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕانەوە عەدەن، پەرلەمانی یەمەن لە ساڵی 2003 هەڵبژێردراوە و لە 301 ئەندام پێکدێت، ژمارەی ئەندامانی لایەنگری حکومەت نزیکەی 143 کەسە و 36 ئەندامیش کۆچی دواییان کردووە.

 

لەسەر ئاستی سەربازیش، عەقید ماجید نوزەیلی، گوتەبێژی سوپای یەمەن لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی ئێکس ئاشکرای کرد، هێزەکانیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی 'بەرەبەیانی یەمەن'دا 661 هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی حووسییەکان و بەهۆیەوە 173 چەکدار کوژراون یان بریندار بوون.

 

لە ئۆپراسیۆنەکەدا:

15 هێرشی ئاسمانی

526 تۆپباران

53 هێرشی درۆنی

67 مووشەکباران

71 ئۆتۆمبێل و کەرەستەی سەربازیش تێکشکێنراون.

 

لە هەمان کاتدا هێزەکانی حکومەت بە پاڵپشتیی بەرگریی میللی لە بەرەکانی تەعز، مەئریب، جەوف و باشوور لە پێکداداندان، بەڵام دوای بڕینی ڕێگای کۆمەکیان لەسەر کەناراوەکانی دەریای سوور، لە نزیک گەرووی بابولمەندەب پاشەکشەیان کردووە بۆ بەرگریکردن لە عەدەن.

 

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، زیاتر لە 7 ساڵە شەڕ لە نێوان هێزەکانی حکومەت بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە و حووسییەکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێرانەوە بەردەوامە و لە ئەیلوولی 2014ـەوە سەنعا لە ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندایە، هاوکات ئۆپەراسیۆنی 'بەرەبەیانی یەمەن' 6 هەفتە لەمەوبەر لە 5ـی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی حووسییەکان، لە نێویاندا سەنعای پایتەخت.