هێزە ئه‌منییه‌كانی تورکیا لە هەڵمەتێکی بەرفراواندا لە ئەنقەرە و باکووری کوردستان، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای پارتە سیاسییه‌كانی باکووری کوردستانیان دەستگیر کرد، کە ئەندامن لە ئەنجوومەنی هاوپەیمانیی 'هاوبەندی' (Hevbendî)دا.

 

ئەمڕۆ میدیاكانی باكووری كوردستان بڵاویانكرده‌وه‌، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا 7 کەس دەستبەسەر کراون، کە لەنێویاندا بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) و حەسەن داغتەکین، جێگری سەرۆکی گشتی پارتەکە، لە ئەنقەرە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون.

 

هاوکات لە هەمان هەڵمەتدا، فوئاد ئۆنەن، سەرۆکی پێل کورد و سیاسی ناسراوی کورد، لە شارۆچکەی دێرکی سەر بە پارێزگای مێردین دەستبەسەر کراوە؛ هەروەها هەریەکە لە جانۆ ئامەدی، سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان و عەلی ئۆنجی، کەسایەتی سەربەخۆی باکووری کوردستان، لەنێو دەستگیرکراوەکاندان.

 

ئەم هەڵمەتە ئه‌منییه‌ دوای ئەوە دێت کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ئەو پارت و کەسایەتییانە لە شاری ئامەد دامەزراندنی هاوپەیمانیی 'هاوبەندی'یان ڕاگەیاند و داوای مافی چارەنووسیان بۆ گەلی کورد کرد؛ بەو هۆیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەلایەن ڕەگەزپەرستانەوە هێرشی توندیان کرایە سەر و داواکاری گشتی هاتە سەر هێڵ، بەڵام تا ئێستا هۆکاری فەرمی دەستبەسەرکردنەکەیان ئاشکرا نەکراوە.

 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی پۆلیس هەڵیان کوتایە سەر بارەگای کەناڵی 'سۆزجو تیڤی' (Sözcü TV) و ماڵپەڕی 'Sözcü.com.tr' کە نزیکن لە بەرەی بەرهەڵستکارانەوە؛ سندووقی بیمەی سپاردەی پاشەکەوت (TMSF) سەرپەرشتیاری سەپێنراوی (قەییوم) بۆ کەناڵەکە و ماڵپەڕەکەی دیاری کرد، وێڕای دەستبەسەرکردنی فوندا تونجەر سیدالی، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی و ئاسم ئاکگوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو، بەبێ ئەوەی ڕۆژنامە کاغەزییەکانی دامەزراوەکە بگرێتەوە.

 

ئەم هەنگاوانە کاردانەوەی توندی بەرهەڵستکارانی لێ کەوتەوە و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ، لە سەکۆی ئێکس گوتی: "ئەوان گەیشتوونەتە بنبەست و لەنێو زەلکاودا نقوم دەبن، بۆیە هەوڵ دەدەن هەر کەسێک لەگەڵیان نییە بخنکێنن".

 

هاوکات موساڤات دەروێشئۆغڵو، سەرۆکی پارتی چاک ڕایگەیاند، ئەم کارە گورزێکی ئاشکرایە لە دیموکراسی و ئازادیی زانیاریوەرگرتنی خەڵک، هەروەها گوتەبێژی جەهەپەش بە پێشێلکردنی بنەماکانی سەروەریی یاسا ناوی برد.

 

بەم بڕیارە، سۆزجو تیڤی بووە شەشەمین دەزگای ڕاگەیاندنی گەورەی تورکیا کە سەرپەرشتیاری سەپێنراوی بۆ دیاری دەکرێت، دوای هەریەکە لە هالک تیڤی، فلاش تیڤی، ئێکۆ تورک، خەبەرتورک و تەلە1؛ لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا، دەسەڵاتدارانی تورکیا سەرپەرشتیاری سەپێنراویان بۆ دەیان شارەوانی باکووری کوردستان و دواتریش شارەوانییە گەورەکانی وەک ئیستانبوڵ داناوە و دەیان سەرۆکی شارەوانی و بەرپرسی هەڵبژێردراویان دەستگیر کردووە یان لە کار دوور خستووەتەوە.