ئایەتوڵڵا شێخ حوسێن وەحید خوراسانی، یەکێک لە مەرجەعە باڵاکانی شیعە و مامۆستای حەوزەی زانستیی قوم، ئه‌م به‌یانییه‌ لە تەمەنی 105 ساڵیدا و دوای ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدا، کۆچی دوایی کرد.

 

ئه‌مڕۆ نووسینگەی ئایەتوڵڵا وەحید خوراسانی لە ڕاگەیەنراوێکدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی ناوه‌نده‌ زانستییەکان و شیعەکانی جیهان کرد و تیشکی خستە سەر دەیان ساڵ خزمەتی زانستی، پەروەردەکردنی زانایان و زیندووکردنەوەی بۆنە ئایینییەکان لەلایەن ئەو مەرجەعەوە.

 

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ڕوون كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بەرنامەی بەخاکسپاردن و پرسەکەی دواتر بڵاو دەکرێتەوە؛ پێشتر ئەو مەرجەعە بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانە بوو و لە 6ی تشرینی دووەمیشدا نووسینگەکەی دەنگۆی کۆچی دوایی ڕەت کردبووەوە.

 

لە کاردانەوەیەکی خێرادا لە عێراق، نووسینگەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە نەجەف، وەک ماتەمینییەک بۆ کۆچی دواییی خوراسانی، ڕاگرتنی وانە و لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە 'نوێژی موسافیر'ـی بۆ ئەمڕۆ و سبەی لە حەوزەی زانستی نەجەف ڕاگەیاند.

 

ئایەتوڵڵا حوسێن وەحید خوراسانی لە ساڵی 1921 لە خوراسان (بەپێی سەرچاوەکان لە مەشهەد یان نەیشابوور) لەدایک بووە و سەرەتای خوێندنی ئایینی لە حەوزەی مەشهەد دەستپێکردووە؛ دواتر ڕووی لە عێراق کردووە و لە حەوزەی نەجەف بووەتە یەکێک لە دیارترین قوتابییەکانی ئایەتوڵڵا ئەبولقاسم خوئی و پلەی ئیجتیهادی بەدەست هێناوە، پاشان لە ساڵی 1970ـدا لە شاری قوم نیشتەجێ بووە و وەک مامۆستای وانەی دەرەکی و مەرجەعێکی دیار خزمەتی کردووە.

 

کۆچکردوو بە دیارترین نوێنەری سەردەمی مەرجەعییەتی خوراسانی (قوتابخانەی ئایینیی خوراسان و مەشهەد) دادەنرێت کە مێژووی پێگەکەی بۆ سەدەی سێیەمی کۆچی (203ی کۆچی / 818ی زایینی) و ناشتنی ئیمام ڕەزا دەگەڕێتەوە.