سەرۆک بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ دوو نوێنەری پێکهاتەکان لە پەرلەمان، پشتیوانیی خۆی بۆ داواکارییەکانیان دووپات کردەوە.

 

ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە هەریەک لە ڕامی نووری سیاوش و جێمس حسدۆ، نوێنەرانی پێکهاتەی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان کردووە، لە میانی دیدارەکەدا دۆخی گشتیی ئەو پێکهاتانە لە هەرێمی کوردستان بە وردی تاوتوێ کراوە، هەروەها نوێنەرانی پەرلەمان تەواوی داواکاری، داخوازی و نیگەرانییەکانی پێکهاتەکانیان خستووەتە بەردەم سەرۆک بارزانی.

 

لە بەرامبەردا، سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ هەموو هەوڵ و کارێک لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، جەختیشی لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی دۆز و ماف و داخوازییەکانی پێکهاتەکانی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن کردووەتەوە.

 

پێکهاتەکانی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستاندا خاوەنی کورسیی تایبەت بە خۆیانن و وەک بەشێکی سەرەکی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پرۆسەی یاساداناندا دەکەن.