سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی، لە شاری هەولێر پڕۆژەی گرنگ و بایەخداری 'ڕێڕەوی ژیان'ـی بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ هەنگاوەکانی بهرهوپێشوهچوونی کارەکان کرد.
ئەم بەسەرکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە ساڵێک بەسەر دانانی بەردی بنچینەی پڕۆژەکە لە ڕێکەوتی 2025/11/05 تێپەڕیوە، کە تەنیا 16 کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی، بە زیاتر لە 100 ئامێری گەورە و سەدان کرێکارەوە دەست بە کارکردن تێیدا کرا.
پڕۆژەکە لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە لەسەر کەناری هەولێر جێبەجێ دەکرێت کە درێژییەکەی 25 کیلۆمەترە؛ لە شەقامی 150 مەترییەوە دەستپێدەکات و تاکوو ڕێگەکانی کۆیە، مووسڵ و مەخموور درێژ دەبێتەوە.
ڕووبەری ئەم بەشەی پڕۆژەکە نزیکەی 135 هەزار مەتر دووجایە و ئاوڕێژەیەکی کۆنکرێتیی شیشداری بە درێژیی 1 کیلۆمەتر لەخۆ دەگرێت، هاوکات دوو پردی پەڕینەوەی ڕێبواران بە درێژیی 32 مەتر لەسەر ئاوڕێژەکە دروست دەکرێن.
ڕێڕەوی ژیان سێ دەریاچەی دەستکرد، ڕووبەری سەوزایی 80 هەزار مەتر دووجا و 60 هەزار مەتر سێجا ئاو لەخۆ دەگرێت، کە بەمەش کەناری هەولێر لە ناوچەیەکی بێسەروبەری ئاوەڕۆ و پاشماوەوە دەگۆڕێت بۆ گەورەترین ناوەندی گەشتیاری و ژینگەیی.
لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا چەندین خزمەتگوزاریی بازرگانی و وەرزشی دروست دەکرێن، لەوانە 39 چێشتخانە، 78 کۆشک، 6 هۆڵ، 4 شوێنی یاریی منداڵان، شوێنی ڕاکردن، ڕێڕەوی پاسکیل و گۆڕەپانی گەورە بۆ کۆبوونەوە و بۆنە گشتییەکان.
هاوکات پڕۆژەکە سەرجەم خزمەتگوزارییە پێویستەکانی وەک تەلاری کارگێڕی، شوێنی نوێژکردن، یەکەی ئاسایش و چەندین شوێنی فراوانی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل بۆ پشوودانی هاووڵاتییان و گەشتیاران لەخۆ دەگرێت.
کارکردن لە پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیاندا ڕۆژانە بە سێ نۆرە لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی تاکوو 11:00ی شەو تەنانەت لە ڕۆژانی هەینیشدا بەردەوامە و تەواوی ئەندازیار و کرێکارەکانی لە لایەن دەستی کاری ناوخۆیییەوە پێکهاتوون.