بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژانە پێوەندی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەکات بۆ ئەوەی هانی بدات شەڕ و هێرشی سەربازی دژی ئێران دەستپێبکاتەوە.
ئهمڕۆ ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی لە زاری دیپلۆماتکارێکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، نەتانیاهۆ بەردەوام گوشار دەخاتە سەر ترەمپ بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ، لە کاتێکدا کۆشکی سپی دەڵێت: "هیچ نەخشەیەکی بۆ جووڵەی سەربازی نییە."
ئەو دیپلۆماتکارە ئاماژەی بەوە کردووە، نەتانیاهۆ هەموو ڕۆژێک پێوەندی بە ترەمپەوە دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ، بەڵام بەرپرسانی ناو کۆشکی سپی و دەرەوەی کە شەڕیان ناوێت، هەوڵی بێئاکامکردنی ئەو گوشارانە دەدەن.
هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نیگەرانیی قووڵی لای سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و کەنداو دروست کردووە، کە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ڕێگریکردن لە نوێبوونەوەی پێکدادانە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ دووشەممە ڕایگەیاند، شەڕی دژی ئێران لە ڕووی سەربازییەوە بە کردەیی کۆتایی هاتووە و لەم کاتەدا هەر هێرشێکی سەربازیی نوێ دوا دەخرێت.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەیەکی هات لەگەڵ محەممەد عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کە بەردەوامە لە نێوەندگیریی دیپلۆماسیی نێوان واشنتن و تاران.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ ئاشکرای کرد، وڵاتانی ناوچەکە وەک سعودیە، قەتەر، ئیمارات، بەحرێن و كوهیت داوایان لێ کردووە پەرە بە ئاڵۆزییەکان نەدات و سزای ئابووری لە جیاتی هێرشی سەربازی پێڕەو بکات.
لە بەرانبەردا ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران ئامادەیە لە ماوەی 2 ڕۆژدا وتووێژەکانی ئاشتی دەستپێبکاتەوە، بە مەرجی هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا و ڕاگرتنی کردەوە سەربازییەکان.
پێشتریش ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردبووەوە کە نەتانیاهۆ لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە ترەمپ کردبوو هێرشەکان دەستپێبکاتەوە، بەڵام ترەمپ پێی باش بووە دەرفەتی زیاتر بە دیپلۆماسی و وتووێژ بدات.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هۆشداریی دا لە مەترسیی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی کردەی سەربازیی نوێ، هاوکات ڤلادیمیر پووتین پرسی ئاسایشی ناوچەکەی لەگەڵ موحسین ڕەزایی لێک دایەوە.
سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەنگۆی هێرشکردنە سەر دوورگەی قشم لە میدیاکانی ئێران بڵاوکرایەوە، بەڵام لە لایەن واشنتنەوە پشتڕاست نەکرایەوە.
پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ی شوباتەوە دەستیانپێکرد، بەڵام سەرەڕای کەمبوونەوەی شەڕی ڕاستەوخۆ، کێشەی سزاکان و بەرنامەی ئەتۆمی بەبێ چارەسەری کۆتایی ماونەتەوە.