دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە پچڕانی دانوستانە ڕاستەوخۆکان، شاندە دیپلۆماسییەکانی هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆکراینا بە چاودێریی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو کۆ دەبنەوە.
ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، شاندەکانی ڕووسیا و ئۆکراینا بە نێوەندگیریی ڕاستەوخۆی نێردەکانی واشنتن لە ئەبوزەبی دەست بە دانوستان دەکەنەوە، هاوکات نوێنەرانی چەند وڵاتێکی ئەوروپاش بۆ گفتوگۆی جیاواز گەیشتوونەتە ئیمارات.
کۆبوونەوەکان دوای ئاگربەستێکی مرۆیی کاتی دێن لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ، لە کاتێکدا سەرۆکایەتیی ئەمریکا باسی لە ئەگەری ڕێککەوتنێکی گەورە لەگەڵ مۆسکۆ کردووە، ئەمەش نیگەرانیی ئەوروپییەکانی لێ کەوتووەتەوە لەوەی سازش لەسەر خاک و ئاسایشی ئۆکراینا بکرێت.
لە ڕوانگەی مەرجەکانی ڕێککەوتنیشەوە، مۆسکۆ داوای کشانەوەی تەواوەتیی سوپای بەرامبەر لە هەرێمی دۆنێتسک و داڕشتنەوەی سیستەمی ئەمنیی ئەوروپا دەکات، بەڵام بەرپرسانی کیێڤ بە توندی دەستبەرداربوونی ناوچە ستراتیژییەکانیان ڕەت دەکەنەوە و پێداگری لەسەر وەرگرتنی گەرەنتیی پاراستنی نێودەوڵەتی دەکەن.
لە گۆڕەپانی جەنگیشدا، بەهۆی بەکارهێنانی چڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە تووشی چەقبەستوویی بوون، هەروەها بۆردومانی وێستگەکانی وزە مەترسیی زستانێکی سەختی لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی دروست کردووە.
جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا لە ساڵی 2022 دەستیپێکرد، کە بە خوێناویترین پێکدادانی سەربازی لە ئەوروپا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی دادەنرێت و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان هەزار کەس لە هەردوولا.