تەواوی نەوتی سپی پێویست بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت و بڕیارە لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتووشدا بەغدا دەست بە ناردنی بەشە نەوتەکە بکات.

 

ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی نێوان عەلی زەیدی و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ناوبراو دووپاتی کردووەتەوە کە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ناوەندی هاوئاهەنگی کراوە بۆ ئەوەی سەرجەم نەوتی سپیی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.

 

ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە لە کۆبوونەوەکەدا داواکاریی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و پێویستیی زۆریان بە نەوت بۆ خۆگەرمکردنەوە خرایە ڕوو.

 

بەپێی زانیارییەکان، ڕێکار و ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی بەشە نەوتەکە دەستیانپێکردووە و لانی کەم لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا دەگات.