هاوپەیمانییەکی سەرەکیی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەیەکی نیشتمانیی فراوان دەربڕی.
ئەمڕۆ هاوپەیمانیی مەسیحی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە تەواوی پێشوازی لە بانگەوازەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و پێویستە لە سەرووی بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە بێت، ئەم فراکسیۆنە داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە ئەم دەستپێشخەرییە بکەنە بنەمای ڕێککەوتنێکی سەرتاسەری تاوەکو یەکڕیزیی دەستووری و سیاسیی قەوارەی هەرێم بپارێزرێت.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هاوبەشیی نیشتمانی کاتێک بەدی دێت کە مافەکانی گەلی مەسیحی لە کلدان، ئاشووری، سریان و ئەرمەن دەستەبەر بکرێن و بە شێوازێکی دادپەروەرانە بەشداری لە حکومەت و ناوەندەکانی بڕیارداندا بکەن.
لەم چوارچێوەیەدا هاوپەیمانییەکە داواکارییەکەی دووپات کردووەتەوە، دەنگدان بۆ کورسییەکانی کۆتا تەنیا لە ڕێگەی دەنگدەرانی مەسیحی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام بدرێت تاوەکو نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێکهاتەکان پارێزراو بێت و نەکرێتە کەرەستەی مامەڵەی سیاسی.
هاوپەیمانیی مەسیحی هەڵوێستە مێژووییەکانی سەرۆک بارزانی بەرز نرخاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرکردایەتیکردنی قۆناغە سەختەکان هەمیشە دەستەبەری سەرەکی بووە بۆ پاراستنی فرەڕەنگی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکاندا.
پرسی کورسییەکانی کۆتای پێکهاتەکان لە ماوەی ڕابردوودا یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بووە لە پەرلەمانی کوردستان و دادگای باڵای فیدراڵیدا، نوێنەرانی پێکهاتەکان بەردەوام داوایان کردووە تۆماری دەنگدەرانی کۆتا جیا بکرێتەوە تاوەکو لە هەژموونی هێزە گەورەکان بەدوور بن.
هاوپەیمانیی مەسیحی: دەبێت دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بکرێتە بنەمای ڕێککەوتنێکی سەرتاسەری
کورتە
هاوپەیمانیی مەسیحی پشتیوانیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی نیشتمانیی فراوان.