تەقینەوەیەکی بەهێز لەناو کارگەیەکی گەورەی ئاسن و پۆڵای تورکیا ڕووی دا و بەهۆیەوە زیاتر لە 15 کەس گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون.
ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی پارێزگای ئیزمیر لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ لە کۆمەڵگەی کارگەکانی حەباش بۆ ئاسن و پۆڵا لە گەڕەکی بۆزکۆی سەر بە شارۆچکەی عەلی ئاغا، لە یەکێک لە کارگەکانی ئاسن و پۆڵا تەقینەوە ڕووی داوە.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، بەهۆی ئەم کارەساتەوە 3 هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و 14 کەسی دیکەش بریندار بوون کە برینی 3 کەسیان سەختە، هاوکات بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ناوچەکە کراون.
بەپێی بەدواداچوونەکان، کارەساتەکە لە ئەنجامی پچڕانی کێبڵی بەرزکەرەوەیەکی سەقفی و کەوتنەخوارەوەی بووە بۆ ناو کوورەی ئارک لە کاتی ڕژاندنی پۆڵای شلدا، ئەمەش تەقینەوەیەکی توند و ئاگرکەوتنەوەی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
پارێزگای ناوچەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاری بە بەردەوامی کار دەکەن بۆ گەیشتن بەو 10 کرێکارەی لەژێر کارگە داڕماوەکەدا ماونەتەوە، هاوکات لێکۆڵینەوەیەکی فراوان لە هۆکاری کەوتنەوەی ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.
شایەتحاڵانی نزیک لە شوێنی ڕووداوەکە دەڵێن، گوڕی تەقینەوەکە بە جۆرێک بەهێز بووە هاوشێوەی بوومەلەرزە زەوی لەژێر پێیان لەرزاندووە و دووکەڵێکی چڕی ڕەش ئاسمانی گرتووەتەوە، شۆفێرانی بارهەڵگر کە لە کارگەکەدا سەرقاڵی گواستنەوەی کەلوپەل بوون، ڕایانگەیاندووە دەنگی تەقینەوەکە وەک بۆمبێکی گەورە بووە و لە ترسی ئاگرەکە بەپەلە ئۆتۆمبێلەکانیان لە کارگەکە دوور خستووەتەوە.
ناوچەی پیشەسازیی عەلی ئاغا لە کەناراوەکانی ئیزمیر، یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی پۆڵا و کەرتی نەوتە لە تورکیا، ئەم شارۆچکەیە بەهۆی بوونی دەیان کارگەی قورس و بەرهەمهێنانی بەرفراوان، بەردەوام لەژێر چاودێریی ڕێکارەکانی سەلامەتیی کاردایە.