سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی، لە بەغدا لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی کردە یەکێک لە بابەتە سەرەکی و لەپێشینەکانی وتووێژەکان.

 

ئەمڕۆ لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ مسۆگەرکردنی بژێوی و شایستە دارایییەکان، لە کۆبوونەوەی نێوان سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا، بڕیاردرا له‌سه‌ر دەستەبەرکردنی بەردەوامی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هاوشانی فەرمانبەرانی دەوڵەتی عێراق.

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنەکەدا پەرۆشیی بەرزی حکومەتی فیدراڵی دووپات کردەوە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی هەرێم و کارکردن لەسەر چارەسەرکردنی سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا.

 

لە بەشێکی تری گفتوگۆکاندا، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵیی ساڵی 2027دا تاوتوێ کرا، بە جۆرێک کە دابەشکردنەکە دادپەروەرانە بێت و لەسەر بنەمای دەستوور، ڕێزگرتن لە فیدراڵی و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان بێت.

 

هەردوو سەرۆکوەزیران باسیان لە ڕێکارەکانی ڕێکخستنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان کرد و بڕیاریان دا بە هەماهەنگی بەردەوامی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، داهاتەکان بە شێوازێکی ڕوون و ئاشکرا بەڕێوە ببرێن.

 

عەلی زەیدی تیشکی خستە سەر پلانی درێژخایەنی دەوڵەت بۆ فراوانکردنی کەرتی وزە، بە جۆرێک کە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق تا ساڵی 2030دا بگاتە 7 ملیۆن بەرمیل و لە ساڵی 2032دا بگاتە 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

 

لە چوارچێوەی ئەو پلانە فراوانەدا، بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 1 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەشدار دەبێت و جەخت کرایەوە کە ئەم زیادبوونە گەورەیە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بووژانەوەی گەشەپێدان و ئابووریی سەرانسەری وڵات دەبێت.

 

سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان، هەردوولا ڕێک کەوتن لەسەر دانانی ڕێکاری گونجاو بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کێڵگەکان لەسەر بنەمای دەقە دەستوورییەکان بە شێوەیەک کە مافی هەردوولا بپارێزێت.

 

هەروەها جەخت لە گرنگی پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ کرایەوە، تاوەکو ببێتە بنەمای یەکلاکردنەوەی یەکجاریی کێشەکانی پێوەندیدار بە بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و ڕێکخستنی سەرچاوە نەوتییەکان.

 

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هەردوو سەرۆکوەزیران بە توندترین شێوە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆریان سەرکۆنە کرد و هاوڕا بوون لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە پەلامارە تێکدەرانەکانی سەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێم.

 

لەو چوارچێوەیەدا جەخت لە گرنگی پاراستنی بەردەوامی دامەزراوە نەوتییەکان و ژێرخانە هەستیارەکان کرایەوە، لەگەڵ گرتنەبەری سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە.

 

لە کۆتایی چاوپێکەوتنی نێوانیاندا، هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە وتووێژ و لێکتێگەیشتن بنەمای سەرەکیی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکانن، بە شێوازێک کە یەکڕیزیی هەڵوێستی نیشتمانی بەهێزتر بکات و خزمەت بە بەرژەوەندیی سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی عێراق بکات.