لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی عێراق زیاتر لە 65 تریلیۆن دیناری لە بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڕیوە و تاوەکو ئێستا، ئامادە نییە ئەو پارەیە بگەرێنێتەوە.
ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک ئاماری بڵاو کردەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە، کۆی گشتیی بودجەی 12 ساڵی ڕابردووی عێراق لە نێوان ساڵانی 2014 تاوەکو ساڵی 2025 گەیشتووەتە 1 کوادریلیۆن و 767 تریلیۆن دینار، بەڵام حکومەتی فیدراڵی تەنیا 41 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
بەپێی ئەم داتا فەرمییانە، شایستەی یاسایی هەرێم لەسەر کاغەز، پاش لێبڕینی خەرجییە سیادییەکان 146 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە ڕاستیدا حکومەتی فیدڕاڵی تەنیا ڕێژەی سەدا 2.04ی کۆی گشتیی بودجەی بۆ هەرێم ناردووە و ئەمەش پێچەوانەی پشکی دیاریکراوی ساڵانەیە.
ڕاپۆرتە شیکارییەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەغدا لە ساڵی 2015 بەدواوە پشکی دارایی کوردستانی بە مەرجی خەرجیی فیعلی بەستووەتەوە و تەنیا لە چوارچێوەی مووچە مامەڵەی لەگەڵ هەرێم کردووە، لە ماوەی ئەو 144 مانگەدا، پارەی نێردراو تەنیا بەشی دابینکردنی 46 مانگ مووچەی کردووە، بەمەش فەرمانبەرانی هەرێم لە مووچەی 8 ساڵ بێبەش کراون و حکومەتی هەرێم ناچار بووە، بۆ دابینکردنی بژێویی هاووڵاتییان پەنا بۆ هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوت بەرێت.
لە بەشێکی تری داتاکان دا هاتووە بڕگەکانی خەرجیی سیادی لە 10 بڕگەوە بۆ 100 بڕگە زیاد کراون، بەم هۆیەشەوە لە ماوەی 12 ساڵدا زیاتر لە 65 تریلیۆن دینار لە پشکی هەرێم بڕاوە، بەبێ ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە یان دامەزراوەکانی تر هیچ سوودێکیان لێ وەرگرتبێت.
هاوکات سەرەڕای ئەوەی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2024 دەریخستووە، دانیشتووانی هەرێم سەدا 14.14ی عێراق پێک دەهێنن، حکومەتی فیدراڵی لە پڕۆژەیاساکاندا پشکی هەرێمی لە خوار سەدا 12.67 جێگیر کردووە.
پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراقدا، لە ساڵانی 2014 تا 2017 بە ڕێژەی سەدا 17 دیاری کرابوو، بەڵام لە ساڵی 2018 بەدواوە بەبێ ڕەزامەندیی حکومەتی هەرێم بۆ سەدا 12.67 کەم کرایەوە، ئەم کەمکردنەوە بەردەوامە لە کاتێکدایە لە ساڵانی 2016 و 2017 بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکردبوو.