تۆم باراک پێشوازی لە دەستپێکردنەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، ئاخاوتنی ڕاستەوخۆ تاکە ڕێگەی چارەسەرکردنی پرسی هەناردەکردنی نەوت، مووچە و داهاتەکانە.
ئەمڕۆ تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، ئاخاوتنی ڕاستەوخۆی نێوان بەغدا و هەولێر ڕێگەی سەرەکیی چارەسەرکردنی کێشە قورسەکانە کە ئەوانیش هەناردەکردنی نەوت، مووچە و داهاتەکانە.
تۆم باراک ئاماژەی بەوە دا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ئەو ڕابەرایەتییەیان سەلماند.
نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق جەختی لەسەر بەردەوامیی پشتیوانیی واشنتن دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەردوولایە لە کاتێکدا هەنگاو بەرەو بنیادنانی عێراقێکی ئاوەدان و خاوەن سەروەریی یەکگرتوو دەنێن.
ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە شاری بەغدا لەگەڵ عەلی زەیدی کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، تەرخانکردنی پشکی دادپەروەرانەی هەرێم لە بودجەی 2027دا کردەوە.