سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی، به‌ سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومی له‌ بەغدایه‌ و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چارەنووسسازی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی عێراقدا دەست پێکردووه‌.

 

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی گه‌یشته‌ به‌غدا و دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوە فەرمییەکەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستبەجێ گەیشتە ماڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و لە ئێستادا بە ئامادەبوونی هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر لە کۆبوونەوەدان.

 

خاڵی سەرەکی تەواوی چاوپێکەوتن و وتووێژەکانی مەسرور بارزانی لە به‌غدا، بریتییە لە یەکلاکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسی بودجەی گشتی فیدراڵیی ساڵی 2027 و دەستەبەرکردنی مافە دەستووری و شایستە دارایییەکانی مووچەخۆران.

 

لە کۆبوونەوەکاندا مەرجەکانی ڕادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان، داڕشتنی ڕێکاری دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی 2004 تا 2026 بە گوژمەی 12 تریلیۆن و 775 ملیار دینار و چارەسەری قەرزەکانی بانکی بازرگانی عێراق (TBI) تاوتوێ دەکرێن.

 

ئەم سەردانە فەرمییە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا ئەنجام دەدرێت، چونکە بڕیارە سبەی سێشەممە پڕۆژەیاسای بودجە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا تاوتوێ بکرێت پێش ئەوەی ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، بۆیە هەولێر دەیەوێت سازانی پێشوەختە بەدەست بهێنێت.

 

لە ڕەشنووسی بودجەی فیدراڵی ساڵی 2027دا پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.7% دیاری کراوە و شاندی هەرێمی کوردستان کار لەسەر جێگیرکردنی بڕگە یاسایییەکان دەکات بە شێوەیەک کە ناردنی شایستەکان ڕووبەڕووی بەربەست نەبێتەوە.

 

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوه‌، کۆبوونەوەکانی سه‌رۆكوه‌زیران لەگەڵ بەرپرسانی باڵا جەخت لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی دەکەنەوە بە پشتبەستن بە دەستوور، یاساکان و ڕێککەوتنە ڕامیارییە واژۆکراوەکان.

 

سەرکردە عێراقییەکان پێشوازیی گەرمیان لە شاندی هەرێم کردووە، لەو چوارچێوەیەدا شێخ حەیدەر لامی، سەرکردە لە هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی خاوەنی دیدگەیەکی فراوانە و وەک پردێکی کارای پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دەتوانێت بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات.

 

هاوکات سەعد سەعدی، ئەندامی دەستەی باڵای ڕامیاریی بزووتنەوەی سادیقوون جەختی کردەوە کە مەسرور بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەگێڕن و پێویستە لەم قه‌یرانه‌ ئابوورییەدا بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان پێش بەرژەوەندیی حیزبیانه‌ بخرێن.

 

سامی جیزانی، گوتەبێژی ڕەوتی حیکمە سەردانەکەی بە ئاماژەیەکی ڕوون بۆ دۆخێکی تەندروست ناو برد و دووپاتی کردەوە، باوەڕی تەواو هەیە کە پێویستە لە یەک کاتدا بەغدا و هەولێر پێکەوە بەهێز و توانادار بن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات.

 

هەروەها سەرکردە سیاسییه‌كانی دیكه‌، لەنێویاندا ڕائید فەهمی، ئاماژەیان بەوە کردووە کە گەیشتنی مەسرور بارزانی لەم قۆناغەدا بایەخێکی تایبەتی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە قووڵبوونەوەی کێشە سیاسی و ئابوورییەکان.

 

ئەمە دووەم سەردانی مەسرور بارزانییە بۆ بەغدا لەمساڵدا دوای گەشتەکەی مانگی ئایاری ڕابردوو، کە نیشانەی ویستی بەردەوامی هەولێرە بۆ بەستنی ڕێککەوتنی گشتگیر و مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.