بە هۆی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێزەوە، ماوەی 3 ڕۆژە هێڵەکانی پێوەندی و ئینتەرنێت لە چەند ناوچەیەکی سەر بە شارەکانی بانە و سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پچڕاون.

 

ئەمڕۆ میدیاكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، بە هۆی کۆنی و نۆژەننەکردنەوەی وێستگەکانی گەیاندن، ڕاژەکانی هەردوو کۆمپانیای هەمڕاهی ئەوەڵ و ئێرانسێل لە گوندەکانی ساوان و وشکەدەڕەی بانەدا بەتەواوی لەکار کەوتوون.

 

پچڕانی ئەم هێڵانە لە ئێوارەی ڕۆژی هەینییەوە دەستی پێکردووە و بە هۆیەوە جووڵەی بازرگانی، مامەڵەی بانکەکان و خوێندنی قوتابییان لەو ناوچە سنوورییانەدا پەک کەوتووە، هاوکات لە شاری سەردەشتیشدا هێڵەکان زۆر لاواز بوون.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی سەرما و بارانبارین، ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی لاوازیی ژێرخانی پێوەندییەکانەوە، ڕووبەڕووی دابڕانی تەواو لە دنیای دەرەوە دەبنەوە.