لە کردەوەیەکی تیرۆرکارانەدا لە کاتژمێر 11:00ی ئەمشەودا هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ.
ئەمشەو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا پشتڕاستیان کردەوە کە کێڵگەکە کراوەتە ئامانج و دەستەکانی هەردوو وەزارەت لە ئامادەباشیدان.
بەپێی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە، هەردوو وەزارەت لە هەوڵی بەردەوامدان تاوەکوو ئەم هێرشە تیرۆرکارانەیە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان هەبێت.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە هەموو ڕێکارە پێویستەکان گیراونەتە بەر تاوەکوو بەزووترین کات بارودۆخی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا ئاسایی بێتەوە.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر سەرچاوەی بنەڕەتیی دەستەبەرکردنی سووتەمەنییە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا و لە ڕابردووشدا چەندان جار لە ڕێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراوەتە ئامانج.