وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا كاریگه‌ری هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی گازی كۆرمۆر له‌سه‌ر دۆخی كاره‌با ئاشكرا ده‌كات.

 

ئه‌مشه‌و وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند، بەهۆی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و ڕاگرتنی ناردنی گاز بۆ وێستگەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 2500 بۆ 2800 مێگاوات لە تۆڕی نیشتمانی کەم دەکات.

 

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ڕوونی كرده‌وه‌، پاش هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر کێڵگەکە، ناردنی گاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، سلێمانی، بازیان، چەمچەماڵ و دهۆک ڕاگیراوە و لە کاتژمێر 12:00ی ئەمشەوەوە کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بەتەواوی لەسەر هاووڵاتییان دەردەکەوێت.

 

وه‌زاره‌تی كاره‌با ئاشكرای ده‌كات، كه‌ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە و ڕێگریکردن لە کوژانەوەی گشتیی تۆڕەکە، نەخشەیەکی فریاگوزاریی خستووەتە گەڕ لە ڕێگەی بەگەڕخستنی وێستگە ئاوییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان، لەگەڵ ئەو وێستگانەی دەتوانرێت بە سووتەمەنیی تر کار پێ بکرێن، تاوەکوو کارەبای بەردەوام بۆ شوێنە هەستیارەکانی وەک نەخۆشخانە و وێستگەکانی ئاو دەستەبەر بکرێت.

 

له‌ بڵاوكراوه‌كه‌ی وەزارەتی کارەبا جەختیشی کراوه‌ته‌وه‌ کە ئاساییبوونەوەی تەواوەتی دۆخی کارەبا پێوەستە بە دەستپێکردنەوەی ناردنی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆناو وێستگەکان.

 

کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ، سەرچاوەی بنەڕەتیی دەستەبەرکردنی سووتەمەنییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا و لە ڕابردووشدا چەندان جار تووشی هێرشی هاوشێوە بووەتەوە.