مه‌لا شڤان لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە پێشنیازی زیاتر لە نیو میلیۆن دۆلاری بۆ کراوە، تا بەشداری لە دانیشتنی پەرلەماندا نەکات، بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە.

 

ئەمڕۆ مه‌لا شڤان سەعید، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان به‌ تۆڕی میدیایی ئەلجەزیرەی ڕاگه‌یاند، بەشداریکردنی ئه‌و لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا بۆ ڕێگریکردن بووە لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا بووە.

 

پەرلەمانتاره‌كه‌ی پێشووی نه‌وه‌ی نوێ ئاشكرای كرد، كه‌ شاسوار عەبدولواحید ڕێککەوتنێکی بە بەهای زیاتر لە 25 میلیۆن دۆلار لەگەڵ یەکێتی واژۆ کردووە تا لەبەرانبەر وەرگرتنی پۆستی وەزیرێک لە بەغدا، دەستبەرداری تەواوی پشکەکانی نەوەی نوێ لە هەرێمی کوردستان بۆ یەکێتی ببێت.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی پابەندنەبوونی شاسوار بە بەڵێنەکانی لەو بزووتنەوەیە جیا بووەتەوە و ڕووبەڕووی فشاری بنەماڵەیییش بووەتەوە لەبەر ئەوەی بنەماڵەکەی مێژوویەکی دێرینیان لەگەڵ یەکێتیدا هەیە.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، له‌ 4ی 11ی 2026 پەرلەمانی کوردستان پاش دوو ساڵ لە ناکۆکی قووڵی نێوان لایەنەکان لەسەر دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی، بە بەشداریی بەشێک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و فراکسیۆنەکان دەستی بە کۆبوونەوەکانی کردەوە.