لە دوای نیگەرانی بەشێک لە هاووڵاتییان و شۆفێران لە تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی هاتووچۆ لە شەوی لافاوەکەی هەولێردا، پایتەخت میدیا بەدواداچوون بۆ پرسەکە دەکات و گوتەبێژی هاتووچۆی شارەکەش دڵنیایی دەدات کە تەواوی ئەو سزایانەی بەهۆی بارودۆخی نەخوازراو و ناچارییەوە تۆمار کراون، چاوپۆشییان لێ دەکرێت.

 

ئه‌مڕۆ عەقید هێمن حەمەد ئه‌مین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پایتەخت میدیا ڕایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی دوێنێ شەو بەهۆی لافاوە کارەساتبارەکەی شاری هەولێرەوە بەناچاری لە شەقامەکاندا پێچەوانەی ئاراستەی ڕۆیشتن شۆفێرییان کردووە و لەلایەن کامێراکانی هاتووچۆوە تۆمار کراون، چاوپۆشی لە سزاکانیان دەکرێت.

 

ناوبراو دڵنیایی بە هاووڵاتییان دا کە تەواوی ئەو شۆفێرانەی لە شەوی ڕابردوودا بە شێوازێکی ناچاری بە پێچەوانەی ئاراستەی شەقام ڕۆیشتوون، یان بە شێوازێکی تر سەرپێچی ناچارییان کردووە، سزاکانیان لەبەرچاو ناگیرێت و هیچ کام لەو سەرپێچییانەیان بۆ هەژمار ناکرێت.

 

لە کاتی هەوڵدان بۆ خۆڕزگارکردن لە لافاوە بەهێزەکە، سەدان شۆفێر بۆ دەربازکردنی گیانی خۆیان و پاراستنی ئۆتۆمبێلەکانیان لە ژێرئاوکەوتن، ناچار بوون سەرپێچی لە یاساکانی هاتووچۆ بکەن و بە ئاراستەی پێچەوانەی شەقامەکاندا لێ بخوڕن.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، ئێوارەی دوێنێ شەپۆلێکی بەهێزی بارانی بەخوڕ شاری هەولێری گرتەوە و لە ئەنجامدا بەهۆی زۆریی ڕێژەی بارانبارینەوە، لە چەندان گەڕەک و شەقامی سەرەکیدا لافاو دروست بوو و ژمارەیەکی زۆریش لە هاووڵاتییان تووشی زیانی دارایی بوون.