بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە شاری هەولێر، زیانێکی گەورەی دارایی بەر دەزگای نووری حیکمە کەوت و زیاتر لە 5 هەزار پەڕتووک و سەرچاوەی ئایینی کەوتنە ژێر ئاوەوە.

 

ئەمڕۆ دەزگای نووری حیکمە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ڕووداوێکی کەموێنەدا بارانی بەلێزمەی دوێنێ شەو زیانی بە تەواوی تەلاری دەزگاکە گەیاندووە و پەڕتووکخانە ناوازەکەیان بەتەواوی کەوتووەتە ژێر ئاوەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، نزیکەی 30 ئۆتۆمبێلی مامۆستایان و فێرخوازان زیانیان پێ گەیشتووە و تەواوی کەلوپەلی نهۆمی خوارەوە لە ئامێرەکانی کارەبا، ڕایەخ و کەرەستەی دەنگی لەناو چوون.

 

دەزگاکە بەهۆی گەورەیی کارەساتەکەوە داوای هاوکاری لە چاکەخوازان دەکات بۆ بژاردنەوە و پڕکردنەوەی زیانەکان لە ڕێگەی ژمارەکانی پێوەندیی (07504946278 و 07518710980).

 

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەو بەهۆی بارانێکی یەکجار زۆری بەخوڕەوە لافاو لە چەندان گەڕەک و ناوەندی پەروەردەیی و پزیشکی دروست بوو و خەڵکێکی زۆر زەرەرمەند بوون.