تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر لە لافاوەکەی دوێنێ شەودا 300 کەسیان لەناو لافاوەکەدا رزگار کردووە و پارێزگاری شارەکەش زانیاریی نوێ لەبارەی ڕووداوەکەوە ئاشکرا دەکات.

 

ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی ساز کرد و دوایین زانیاریی لەبارەی زیانەکانی لافاو خستە روو و ڕایگەیاند، هەڵمەتی پاککردنەوەی گەڕەک و ماڵە زیانلێکەوتووەکان دەستی پێکردووە و پلانەکە بە جۆرێکە کە لە ماوەی دوو ڕۆژدا تەواوی پرۆسەی پاککردنەوەکە کۆتایی دێت.

 

پارێزگاری هەولێر روونی کردەوە، لێژنەیەکی هاوبەش لە نێوان ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێکهێنراوە و ئەم لێژنەیە تایبەتە بە خەمڵاندنی خێرای زیانەکانی هاووڵاتییان لە هەولێر؛ هاوکات هەوڵ دەدرێت لە کورتترین ماوەدا قەبارەی ڕاستەقینەی زیانەکان دەستنیشان بکرێت و تۆمار بکرێت.

 

سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاوەکە ئاشکرای کرد، کە پۆندی کەسنەزان لە ماوەی یەک کاتژمێر و نیودا سەرڕێژ بووە و مەتر و نیوێک ئاو بەسەر پۆندەکەدا هاتە خوارەوە و بووە هۆی دروستبوونی لافاو.

 

بەپێی زانیارییەکان، کەرتی گشتی و ژێرخانی خزمەتگوزاریی زیانی زۆریان بەرکەوتووە و بڕیار دراوە بۆ قەرەبووکردنەوە فۆرم دابەش بکرێت، هەروەها لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا سەرجەم ڕێگە داخراوەکان بە رووی هاتوچۆ و هاووڵاتییانی شارەکەدا دەکرێنەوە.