بڕیار درا قەرزی کەڵەکەبووی کارەبای هاوبەشان لە هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر شێوازی قیستی درێژخایەن و بنمیچێکی مانگانەش بۆ بڕی پارەدان دیاری بکرێت.
ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، 30٪ـی ئەو هاوبەشانەی پڕۆژەی ڕووناکی کە قەرزی پێشوویان لەسەر ماوە، قەرزەکانیان کراوەتە قیستی درێژخایەن و یەکەم بڕ لەگەڵ پسوولەی ئەم مانگەدا دەردەچێت، هاوبەشانیش دەتوانن لە ماوەی 50 ڕۆژ لە دەرچوونی پسوولەکەوە، بڕەپارەی بەکاربردن و قیستەکە پێکەوە بدەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، زیاتر لە 500 هەزار هاوبەش کەوتوونەتە نێو ئەم پۆلێنەوە، لەو ژمارەیەش نزیکەی 90 هەزار هاوبەش قەرزەکانیان لە پێنج هەزار دینار کەمترە و تەنیا بە پارەدانی یەکەم قیست، تەواوی قەرزەکەیان پاکتاو دەبێت.
بەپێی پۆلێنە نوێیەکە، ماڵان زۆرترین ژمارەی قەرزدارانیان بەرکەوتووە بە زیاتر لە 412 هەزار هاوبەش، بۆ ئەم پۆلە و کەرتی کشتوکاڵیش ماوەی قیستەکان تاوەکو 24 مانگ دەبێت، بە شێوازێک کەمترین قیستی مانگانە 20 هەزار دینار و بەرزترینی 100 هەزار دینار دەبێت.
بۆ بازرگانیی بچووک ماوەکە تاوەکو 12 مانگە و بەرزترین سنوور 200 هەزار دینارە، لە بەرامبەردا، بۆ کەرتی پیشەسازی و بازرگانیی گەورە ماوەی 6 مانگیان بۆ دانراوە و کەمترین قیستی مانگانەیان 200 هەزار دینار دەبێت، بەبێ بوونی سنووری بەرزترین بڕ.
وەزارەتی کارەبا ڕوونی کردووەتەوە؛ ئەگەر بڕی قەرزەکە لە ماوەی دیاریکراودا تەواو نەبوو بەهۆی بوونی سنووری بەرزترین قیستی مانگانە، ئەوا ماوەی پێدانەکە درێژ دەکرێتەوە بۆ مانگەکانی دواتر تاوەکو باری دارایی لەسەر هاووڵاتییان دروست نەبێت، ئەم هەنگاوە دووەم میکانیزمی فەرمییە، دوای ئەوەی لە قۆناغی یەکەمدا بەهۆی داشکاندنەوە بڕی 400 ملیار دینار لێخۆشبوون بۆ یەک ملیۆن هاوبەش ئەنجام درابوو.
پڕۆژەی ڕووناکی وەک هەنگاوێکی ستراتیژیی حکومەت بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری جێبەجێ دەکرێت، پێشتریش چەندین دەرفەتی لێخۆشبوون بۆ ڕێکخستنەوەی قەرزە کۆنەکانی کارەبا ڕاگەیەندرابوو.