بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ زیانەکانی لافاو و ڕەوشی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیداری لە پەیوەندیدایە و فەرمانی بەپەلەی دەرکردووە.
ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەدواداچوونی وردی بۆ لێکەوتەکانی لافاوەکەی شەوی ڕابردوو کردووە.
لە پەیوەندییەکەدا، تاوتوێی قەبارەی زیانەکان، بەتایبەت ئەو زیانانەی بەر هاووڵاتییان کەوتوون، کراوە. سەرۆکی هەرێم پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە هەموو یارمەتییەکی پێویست پێشکەشی زیانلێکەوتووان و لێقەوماوان بکەن و شوێنەوارەکانی لافاوەکە بە زووترین کات چارەسەر بکرێن.
لای خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ڕوونکردنەوەی لەبارەی دۆخی مەیدانی، قەبارەی زیانەکان و ئەو هەنگاوانە دا کە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە گیرابوونە بەر. ناوبراو سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد لە بەرامبەر بەدواداچوونی بەردەوام و خەمخۆری بۆ ڕەوشی هاووڵاتییان و لێقەوماوانی ڕووداوە سروشتییەکان.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و دەزگا خزمەتگوزارییەکان، لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پاککردنەوەی شەقام و کۆڵانەکان لە پاشماوەی باراناو، هاوکات لیژنەی تایبەتمەند دەستی بە تۆمارکردنی زیانە مادییەکان کردووە بە ئامانجی هاوکاریکردنی خێرا بۆ ئەو ماڵ و شوێنانەی تووشی زیان بوون.
شاری هەولێر لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە وەرزی پاییز و زستاندا ڕووبەڕووی لافاو بووەتەوە، بەو هۆیەشەوە حکومەت چەندین پڕۆژەی دروستکردنی پۆند و ئاوەڕۆی سندووقیی لە دەوروبەری شارەکە جێبەجێ کردووە تا مەترسییەکانی لافاو کەم بکاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی: شوێنەوارەکانی لافاوەکە بە زووترین کات چارەسەر بکەن
کورتە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوای لافاوەکەی شەوی ڕابردووی هەولێری پایتەخت، داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە زووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن و یارمەتیی لێقەوماوان بدەن.