شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە هەندێک ناوچەی شاخاوی، ئاستی دابارین لە 100 ملیمەتر نزیک بووەوە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا زۆرترین ڕێژەی دابارین لە ناحیەی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە باریوە بە بڕی 92 ملیمەتر، هەروەها سیروان بە 85.4 ملیمەتر و سەنتەری شاری هەڵەبجەش بە 80.6 ملیمەتر لە پلەکانی دواتر دێن.
لە پارێزگای هەولێریش زۆرترین دابارین لە چۆمان بە 88.5 ملیمەتر، بەنداوی گۆمەسپان بە 83.3 ملیمەتر و لە سەنتەری شارەکەش 70 ملیمەتر تۆمار کراوە. بەپێی ئامارەکان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی شارۆچکەی دەربەندیخانیش بە تۆمارکردنی 70 ملیمەتر و سەیدسادق بە 61.3 ملیمەتر زۆرترین بارانیان لێ باریوە.
هاوکات لە سەنتەری شاری سلێمانی 22 ملیمەتر باریوە. لە پارێزگای دهۆکیش لە شارەدێی بجیل 63 ملیمەتر، لە ئامێدی و ئەترووش 43 ملیمەتر و لە سەنتەری پارێزگاکەش 21.4 ملیمەتر باران باریوە؛ لە کاتێکدا لە سنووری کەرکووک لە ناوچەی مەیدان 45 ملیمەتر و لە سەنتەری شارەکەش 28.6 ملیمەتر بووە، کەمترین بڕی بارانیش لە کەلار تۆمار کراوە بە 2 ملیمەتر.
ئاماری 24 کاتژمێری ڕابردووی بارانبارین بڵاو کرایەوە
کورتە
شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و زۆرترین بڕی دابارین لە بیارە بە 92 ملیمەتر تۆمار کرا، لە سەنتەری شاری هەولێریش 70 ملیمەتر باران باریوە.