پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد، زۆرینەی فەرمانبەران بە شێوازی ئەلیکترۆنی شایستە دارایییەکانیان وەردەگرن.
بە گوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، ئەم مانگە زیاتر لە 1 ملیۆن و 30 هەزار فەرمانبەر بە کارتی بانکی مووچە وەردەگرن، بەپێی خشتەکە، ئەمرۆ مووچەی خانەنشینانی شارستانی و پێشمەرگە دابەش دەکرێت، هەروەها زیندانیانی سیاسی، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە قۆناغی دووەمی لیستەکەدان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.
دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە دوای گەیشتنی گوژمەی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار هات لە بەغداوە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی، بەهۆی تەواوکردنی ڕێکارە تەکنیکییەکانی سیستەمی پێدانی ئەلیکترۆنی ناسراو بە (ACH) و هاوکاتبوونی لەگەڵ پشووی فەرمیی بانکەکان لە کۆتایی هەفتەدا، خەرجکردنی پارەکە کەوتە ئەمڕۆ، لە کۆی ئەو شایستەیە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی و نزیکەی 4.5 ملیار دیناری شایستەی خانەنشینانی بڕیوە.
لەلایەکی دیکەوە، بانکە بەشداربووەکان نزیکەی 800 ئامێری ڕاکێشانی پارەیان (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە شێوەی 24 کاتژمێری ئامادە کردووە تا پرۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت، هەروەها 28 هەزار کارتی نوێ گەیشتوونەتە لقەکان تا فەرمانبەران وەریانبگرنەوە.
سەبارەت بەو 15 هەزار مووچەخۆرەشی کە کارتەکانیان ئامادە نەبووە مووچەکانیان بە کاش پێدەدرێت، لە ڕووی جوگرافییشەوەوە، زۆرترین مووچەخۆری کارتی ئەلیکترۆنی لە پارێزگای هەولێرە بە 424 هەزار کەس، دواتر سلێمانی بە 384 هەزار، دهۆک بە 197 هەزار و هەڵەبجەش بە 25 هەزار مووچەخۆر دێن.
پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەران، بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردساتن بۆ چاکسازیی دارایی و بنبڕکردنی ڕۆتین لە کەرتی گشتیدا، تا ئێستاش زیاتر لە 1 ملیۆن و 150 هەزار مووچەخۆر لەم سیستەمە نوێیەدا ناویان تۆمار کراوە.