شاندێکی باڵای دانوستانکار بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە داراییەکان و دیاریکردنی پشکی زیاتر لە 13 ترلیۆن دیناری بودجە بەرەو بەغدا دەچێت.

 

ئەمڕۆ ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، سبەی یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی دەگاتە بەغدا بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرانی نەوت، دارایی و ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەربارەی پرۆژەیاسای بودجەی 2027.

 

ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا لەسەر مووچە نییە، بەڵکو پرسەکانی سیستەمی ئەسیکۆدا، داهاتی ناوخۆ و هەناردەی نەوت لەخۆ دەگرێت؛ لە کاتێکدا حکومەتی فیدراڵ پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67% بە بڕی 13 ترلیۆن دینار و بە مەرجی هەناردەکردنی ڕۆژانەی 450 هەزار بەرمیل نەوت دیاری کردووە، لایەنی کوردی جەخت لە بەدەستهێنانی ڕێژەی 14.14% دەکاتەوە و توانای هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتەی ڕەت کردووەتەوە بەهۆی بەشنەکردنی پارەکە بۆ خەرجی و مووچە.

 

لەلایەکی دیکەوە، ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر خەرجییەکان بووە هۆی دواخستنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ڕۆژی سێشەممە؛ بەپێی داتا دارایییەکان، داهاتی عێراق بۆ ساڵی 2027 بە 174 ترلیۆن دینار و خەرجییەکانیش بە 217 ترلیۆن دینار خەمڵێندراون، بەمەش 43 ترلیۆن دینار کورتهێنان دروست دەبێت کە حکومەت لەڕێگەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکییەوە پڕی دەکاتەوە پێش ئەوەی پڕۆژەکە بۆ دەنگدان ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.