ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای کەرکووک گیانلەدەستدانی 5 ئەندامی خێزانێکی لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ لە سنووری شارەدێی ڕەشادی سەر بە پارێزگای کەرکووک و لەسەر ڕێگەی سەرەکیی بەرەو تکریت، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بە توندی خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا، لەئەنجامدا هەر 5 سەرنشینی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەست داوە.
سەرچاوەیەک لە تەندروستیی کەرکووک بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تەرمی سەرجەم قوربانییەکان بۆ پزیشکی دادوەریی کەرکووک دەگوازرێنەوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و ناسینەوەی ناسنامەی قوربانییەکان پێش ئەوەی ڕادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە.
سەبارەت بە ناسنامەی قوربانییەکان، پایتەخت میدیا زانیویەتی 6 کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون؛ قوربانییەکان بریتیین لە دکتۆر زێدان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ، لەگەڵ خێزانەکەی و 3 منداڵی کە لەم ڕووداوەدا گیانیان لەدەست داوە، و تەنیا یەک منداڵی ئەم دکتۆرە ڕزگاری بووە کە کچێکی تەمەن بچووکە.
بەپێی زانیارییەکان، ڕێگەی کەرکووک - تکریت بەهۆی یەکسایدی و نەبوونی نۆژەنکردنەوە بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێگەکانی هاتووچۆ و بەردەوام ڕووداوی کوشندەی لێ دەکەوێتەوە؛ شۆفێران و دانیشتووانی ناوچەکە بەردەوام داوای دووسایدکردنی ئەم ڕێگەیە دەکەن تاوەکو کۆتایی بە کارەساتە مرۆییەکان بهێنرێت.
هاوکات ئەم ڕێگایە، یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان پارێزگاکانی عێراق، بەهۆی کۆنی و نەبوونی مەرجە سەردەمییەکانی سەلامەتی بەردەوام گیانی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە.