لە ئەنجامی شەپۆلێکی توندی هەورەبرووسکە لە باکووری هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییەکی تەمەن 32 ساڵ گیانی لەدەست دا.
ئەمڕۆ سەرچاوە تەندروستی و ئەمنییەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایانگەیاند، گەنجێکی تەمەن 32 ساڵ بە ناوی کیفاح حەسەن خدر، خەڵکی قەزای شنگال، لە کاتی مانەوەی لە نزیک مەیدانی ئاژەڵانی زاخۆ، هەورەبرووسکە لێی داوە و بەو هۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتایییەکان، تیمەکانی فریاکەوتن دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و تەرمی گەنجەکەیان ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی زاخۆ کردووە بۆ تەواوکردنی ڕێکارە پێویستەکان؛ ئەم ڕووداوەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین و برووسکە کە لە سنووری پارێزگای دهۆک و دەوروبەری چالاک بووە و کەشێکی ناسەقامگیری دروست کردووە.
دەزگاکانی بەرگریی شارستانی داوا لە هاووڵاتییان، جووتیاران و ئاژەڵداران دەکەن لە کاتی هەورەبرووسکەدا بە هیچ شێوەیەک لە شوێنە بەرز و کراوەکان، یان لە نزیک ستوونی کارەبا و دارە بەرزەکان نەمێننەوە، چونکە تەزووی کارەبایی برووسکە دەتوانێت دەستبەجێ دڵ لە لێدان بوەستێنێت.
لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکان و دەستپێکی بارانبارینی وەرزی، بەهۆی دروستبوونی هەوری کەڵەکەبوو، دیاردەی هەورەبرووسکە لە دەشتایی و بەرزاییەکانی ناوچەکە زیاتر دەبێت و مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتییان دروست دەکات.
گەنجێک لە زاخۆ بەهۆی هەورەبرووسکەوە گیانی لەدەست دا
کورتە
لە ئەنجامی شەپۆلێکی توندی هەورەبرووسکە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گەنجێکی تەمەن 32 ساڵ بە ناوی کیفاح حەسەن خدر، خەڵکی شنگال، گیانی لەدەست دا.