شەپۆلێکی بەهێزی دابارین لە ماوەی ڕابردوودا ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە هەندێک شوێن ئاستی بارانبارین گەیشتە سەرووی 60 میلیمەتر.
 
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ئاماری بارانبارینی 24 کاتژمێری ئەمڕۆ بڵاوکردەوە و بەپێی داتاکان، ناوچەی چەمانکێ لە دهۆک بە تۆمارکردنی 63 میلیمەتر زۆرترین ڕێژەی بارانی لێ باریوە، لە شێلادزێ 58 میلیمەتر، لە سەرسەنگ 55 میلیمەتر، هەروەها لە قەزای ڕواندز 51.5 میلیمەتر و لە قەڵادزێ 49 میلیمەتر باران باریوە.
 
بەپێی پێشبینییە نوێیەکان، چەقی شەپۆلەکە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە تا شەو لە سنووری ئیدارەکانی ڕاپەڕین، گەرمیان، سۆران و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە چڕ دەبێتەوە، لایەنە کەشناسییەکان هۆشداری لە بارینی تاوەبارانی توند، هەورەبرووسکەی بەهێز و تەرزە دەدەن، بەتایبەت لە سنووری گەرمیان، هەڵەبجە و سلێمانی ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو لە ئارادایە.
 
لە کاتەکانی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەوە بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری لە باکوورەوە دەگاتە ناوچەکە و دەبێتە هۆی دابەزینی توندی پلەکانی گەرما و دەستپێکی کەشێکی زستانە، شارەزایان پێشبینی دەکەن لە بەرزیی زیاتر لە 1600 مەتر لە ئاستی دەریاوە لەگەڵ سەنتەری شارەدێی حاجی ئۆمەران یەکەم بەفری ئەمساڵ ببارێت، لە کاتێکدا شەپۆلی سەرەکیی باران بەرەبەیانی دووشەممە تەواو دەبێت، بەڵام لە شەواندا پلەی گەرمی لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ سفر پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەشناسی، پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو بە ڕێژەی 4 بۆ 5 پلەی سیلیزی دادەبەزن و خێراییی با لەنێوان 15 بۆ 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت، هەندێک کاتیش بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر چالاک دەبێت.
 
هاوکات، بەرزترین پلەکانی گەرما لە ناوەندەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی لەنێوان 15 بۆ 18 پلە دەبن، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی وەک حاجی ئۆمەرانیش بۆ خوار 8 پلەی سیلیزی دادەبەزن.
دەستەی کەشناسیی عێراقیش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ڕۆژی یەکشەممە شەپۆلەکە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات بەردەوام دەبێت و لە ناوەڕاست و باشووریش تەمی بەیانیان دروست دەبێت پێش ئەوەی کاتی نیوەڕۆ ئاسمان ساماڵ بێتەوە.
 
بەپێی خشتەی دەستەکە، لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەوە کەشوهەوا بەرەو جێگیربوون دەچێت، هەروەها پلەکانی گەرما لە بەغدا دەگاتە 23 پلە و لە شارەکانی باشووریش لەنێوان 24 بۆ 28 پلەی سیلیزیدا دەبێت، دەستپێکی وەرزی بارانبارین لە ناوچەکە بە شێوەیەکی وەرزی پەیوەستە بە هاتنی نزمەپاڵەپەستۆکانی دەریای ناوەڕاست کە شەپۆلی ناجێگیریی کەشوهەوا دروست دەکەن.