پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی (مانگی 10) زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و لە ماوەی چوار ڕۆژدا، تەواوی وەزارەت و دەستەکان مووچەکانیان وەردەگرن.

بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، پرۆسەکە لە بەیانی یەکشەممەوە بەفەرمی دەست پێ دەکات، لە یەکەم ڕۆژدا شایستە داراییەکانی خانەنشینانی شارستانی و پێشمەرگە دابەش دەکرێت.

هاوکات ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، تەرخان کراون بۆ پێدانی مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە، تەندروستی، خوێندنی باڵا، ناوخۆ، دارایی، لەگەڵ دەستەکان و سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم، سەرئەنجام ڕۆژی چوارشەممەش، 11ـی تشرینی دووەم، پرۆسەکە بە پێدانی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی نەوت و گاز کۆتایی دێت.

دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە دوای ئەوە دێت، کە بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار لە بەغداوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی، دوای ئەوەی حکوومەتی فیدراڵ نزیکەی 124 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینە لە داهاتی نانەوتی و شایستەی خانەنشینان بڕیبوو.

بەپێی زانیارییەکان، سەبارەت بە مووچەی مانگەکانی 11 و 12، حکوومەتی عێراق پلانێکی بۆ دابەشکردنی شایستەکان لە ماوەی 55 بۆ 60 ڕۆژدا داڕشتووە تاوەکو پێش کۆتاییی ساڵ پاکتاوی دارایی تەواو بێت و هیچ مووچەیەکی فەرمانبەران بە هەڵپەسێردراوی نەمێنێتەوە.

لە ئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن و 50 هەزار کەس لە ڕێگەی سیستەمی دیجیتاڵیی 'هەژماری من'ەوە پارەکانیان وەردەگرن، هاوکات مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست و بەشێک لە خانەنشینانیش لە هەفتەی داهاتوودا دوای کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.