حکومەتی ئەمریکا لە هەنگاوێکی نوێدا پاداشتێکی دارایی بە بەهای زیاتر لە 15 ملیۆن دۆلار بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دیاری دەکات.
 
ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە، بەرنامەی "پاداشت لەپێناو دادپەروەری" سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڕی 20 ملیۆن دۆلار لەگەڵ دەرفەتی نیشتەجێکردنەوە لە شوێنێکی نوێ پێشکەش بە هەر کەسێک دەکات کە زانیاری لەبارەی دامەزراوە، کەرەستە و کەسایەتییە پەیوەندیدارەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران—بەتایبەتی زانایانی ئەو بوارە—ئاشکرا بکات.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش هۆکاری ئەم هەنگاوەی گەڕاندەوە بۆ پابەندنەبوونی تاران بە ڕێککەوتن و بەڵێننامەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم دۆخە ئاژانسەکەی بێبەش کردووە لە زانیاریی پێویست دەربارەی بەرهەمهێنان و کۆگاکردنی کەرەستە سەرەکییەکان، بەتایبەتی ئامێرەکانی سەنتەرفیوج.
 
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا لە ویلایەتی فلۆریدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێران دوای چەندین مانگ لە گوشاری سەربازی و ئابووری، بەتوندی خوازیاری ئەنجامدانی ڕێککەوتنە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان، و هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن.
 
بەرنامەی "پاداشت لەپێناو دادپەروەری" لە ساڵی 1984 دامەزراوە و ئامانج لێی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگرییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمریکا لە جیهاندا.