وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لێخۆشبوونی 100 لەسەدی لە سەرجەم سزاکانی دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران بۆ خاوەنکاران ڕاگەیاند؛ ئەم بڕیارەش بۆ ئاسانکاری و ڕێکخستنەوەی پەڕاوە دارایییەکان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە هەولێر بڵاویکردەوە، پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە 307ی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕێنمایی ژمارە 5ی ساڵی 2026 دەرچووە کە بەپێی ئەو، سەرجەم خاوەن پڕۆژە و خاوەنکارە قەرزدارەکان لە سزای دواکەوتن دەبەخشرێن، بە مەرجێک لە ماوەی 90 ڕۆژی کاردا بنەڕەتی قەرزەکانی خۆیان بدەنەوە.

 

بەپێی ڕێنمایییەکە، لێخۆشبوونەکە ئەو خاوەنکارانەش دەگرێتەوە کە پێشتر قەرزەکانیان بۆ کرابووە قیست، بە مەرجێک پاشماوەی بڕی 17 لەسەدی بەشدارییە سەرەکییەکە بەنەختینە و بە یەک جار بدەنەوە؛ هاوکات ئەو کەسانەی بەهۆی ساختەکاری و شاردنەوەی زانیارییەوە دراونەتە دادگا، تا کاتی دەرچوونی بڕیاری کۆتایی دادگە لەم بڕیارە سوودمەند نابن.

 

ساڵانە کەڵەکەبوونی سزای دارایی لەسەر خاوەنکاران بەهۆی قه‌یرانه‌ ئابوورییەکانەوە، کێشە بۆ مافە دارایییەکانی سندووقی دەستەبەری کرێکاران دروست دەکات، ئەمەش وەزارەتی کار هان دەدات بە لێخۆشبوونی کاتی یارمەتی کۆمپانیاکان بدات بۆ یەکلاکردنەوەی شایستە یاسایییەکانیان.