بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی عێراق دەستپێکردنی جێبەجێکردنی نەخشەیەکی گشتگیری بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو و لێزمەبارانی وەرزی زستان لە سەرانسەری وڵاتدا ڕاگەیاند؛ ئەم هەنگاوەش لە ڕێگەی دەستەکانی فریاکەوتن و بەلەمی خێراوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

ئەمڕۆ نەوواس سەباح، بەڕێوەبەری بەشی پێوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی بە ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند، نەخشەی کارەکە لەسەر دوو بنەمای ئامادەباشی مەیدانی و هەماهەنگی دامەزراوەیی لەنێوان لایەنە پێوەندیدارەکاندا جێبەجێ دەکرێت.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، توانای کەرەستەیی و پێداویستیی دەستەکان بە دابینکردنی بەلەمی ڕزگارکردنی سووک و خێرا بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دۆڵەکان بەرز کراوەتەوە؛ هاوکات بەپێی یاسای بەرگریی شارستانی ژمارە 44ی ساڵی 2013، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتە پێوەندیدارەکان و دەستەی حەشدی شەعبیدا بۆ ڕێکخستنی هەڵمەتەکانی فریاگوزاری و نیشتەجێکردن بەڕێوە چوون.

 

ساڵانە لە وەرزی بارانباریندا بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق بەهۆی داڕمانی ژێرخان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، تووشی لافاوی لەناکاو دەبنەوە؛ ئەمەش دامه‌زراوه‌كانی فریاکەوتن ناچار دەکات پێشوەختە بکەونە بەرزترین ئاستی ئامادەباشییەوە.